پاڵەوانی کۆنکاکاف یەکەم یاریی خۆی ئەنجامدەدات


رووداو - هەولێر

بەرەبەیانی سبەی دووشەممە یارییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکان لە جامی زێڕین کۆتاییدێت و دوو یاریی دیکە ئەنجامدەدرێن و خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکە یەکەم یاریی خۆی ئەنجامدەدات.

لە کۆمەڵەی سێیەمدا و کاژێر 2:00 بەکاتی باشووری کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی کوراسا و جامایکا لەسەر یاریگەی کوالکوم رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

دوای ئەو یارییە و لەکاژێر 4:00 هەڵبژاردەی مەکسیک خاوەنی 7 نازناو و زۆرترینی پاڵەوانێتییەکە یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامدەدات و لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی سێلفادۆر دەبێتەوە.

مەکسیکی پاڵەوانی رابردووی پاڵەوانێتییەکە دەیەوێت لە یارییەکەدا بەئاستێکی بەرزەوە دەربکەوێت و یەکەم هەنگا بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی بەسەرکەتوویی ببڕێت.