فەرمی.. یانەیەکی سعودی رەتیدەکاتەوە سەڵاح بگوازێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیتیفاقی سعودی، بەشێوەیەکی فەرمی رەتیدەکاتەوە کە محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی لە پلانەکانی یانەکەیاندابێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەی یاریزاناندا.
 
حوسامەدین بەدیر، بەڕێوەبەری بەشی پێشخستنی کار لە یانەی ئیتیفاق دەڵیت "تۆپی پێی سعودیە بەشێوەیەکی هاوسەنگ لە پێشکەوتندایە، بە گرێبەستکردن لەگەڵ ناوی گەورە لە یاریزانان و راهێنەران."
 
ئەو بەرپرسەی یانەی ئیتیفاق دووپاتیدەکاتەوە کە پاڵپشتیکردنی وەرزش لە وڵاتەکەدا لە چوارچێوەی پلانی گشتی سعودیەیە بۆ پێشخستنی هەموو دامەزراوەکان، وەزارەتی وەرزشیش بەردەوام بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی هەموو یانەکان دەکات.
 
لەبارەی ستیڤێن جێرارد، راهێنەری نوێی یانەکەیان بەدیر گوتی "جێرارد راهێنەرێکی نایابە، لە سکۆتلاند نازناوی خولی بەبێ دۆڕان بردەوە، بانگهێشتمانکرد بۆ ئەوەی سەردانی سعودیە بکات و دوای ئەوە دەستمان بە گفتوگۆکردن لەگەڵی بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەکە، جێرارد گرنگی بە هەموو وردەکارییەکانی سعودیە دەدا، لە خوێندن و تەندروستی، بەر لەوەی بڕیار بدات ببێتە راهێنەری ئیتیفاق."
 
بەڕێوەبەرەکەی یانەی ئیتیفاق زیاتر دەڵێت "گرێبەستەکەمان لەگەڵ جێرارد بۆ دوو وەرزە، ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی لە چەند رۆژێکی دیکەدا دوو بۆ سێ گرێبەستی گەورەی دیکە رابگەیێنین، ئامانجی ئێمە بردنەوەی جامی شا و بەدەستهێنانی بلیتی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی ئاساییە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا حوسامەدین بەدیر رەتیدەکاتەوە کە محەممەد سەڵاح لە پلانەکانی یانەکەدا بێت، ئێمە هەرگیز پەیوەندیمان پێیەوە نەکردووە بۆ ئەوەی هەڵوێستی ئەو بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەمانەوە بزانین، جگە لەوەش سپۆنسەرەکانی یانەکەمان لە 5 سپۆنسەرەوە بۆ 13 سپۆنسەر زیادیکردووە.