پێش یارییەکەی پاریس.. ریال مەدرید لە کێشەیەکی گەورە رزگاریبوو

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند کاژێرێک بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمان، یانە ریال مەدرید تووشی کێشەیەکی گەورە بوو و درەنگ لە وادەی دیاریکراوی خۆی گەیشتە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی باشووری کوردستان، شاندی یانەی ریال مەدرید لە پاڵم بیچی فلۆریداوە بەرێدەکەوێت بۆ ئەوەی بچێتە نیویۆرک بۆ یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان، بە فڕۆکە رێگەکە 2 کاژێر و 55 خولەک دوورە، ریال مەدرید دەگاتە ئاسمانی نیویۆرک، لە پڕێکدا کەشوهەوا بە تەواوی تێکدەچێت و زریانێکی بەهێز هەڵدەکات، پێنج خولەک دەمێنێت و فڕۆکەی ریال مەدرید ناتوانێت بنیشێتەوە.
 
تا دێت رەشەبایەکە بەهێزتر دەبێت و هیچ ئاماژەیەک نابێت بۆ ئەوەی فڕۆکەی ریال مەدرید بنیشێتەوە، 15 خولەک بەسەر وادەی دیاریکراوی نیشتنەوەدا تێدەپەڕێت هێشتا ئاماژەکانی نیشتنەوە نین، فڕۆکە بە ناچاری بەسەر ئاسمانی فڕۆکەخانەی نیویۆرکدا دەسوڕێتەوە، بەبێ ئەوەی فەرمانی نیشتنەوەی هەبێت.
 
سێ کاژێر زیاتر بەسەر فڕینی فڕۆکەکەدا تێپەڕی، فڕۆکەکە هەر دەسوڕێتەوە و کەشوهەواش خراپتر دەبێت، زیاتر لە 10 هەزار کەس لەسەر نەخشە چاودێری فڕۆکەکەی یانەی شاهانە دەکەن، فیفا هاتە سەرهێڵ و پەیوەندیی بە بەرپرسانی ئاسمانی نیویۆرک و ئەمریکاوە دەکەن، دوای چەند کاژێرێک مانەوە لە ئاسمان و تێکچوونی دۆخەکە دواجار گڵۆپی سەوز هەڵدەکرێت و فڕۆکەکە بە سەلامەتی لە نیویۆرک دەنیشێتەوە.
 
دوای زیاتر لە سێ کاژێر مانەوە و سوڕانەوەی بەردەوام لە ئاسمان، لە کۆتاییدا فڕۆکەی یانەی ریال مەدرید بە سەلامەتی نیشتنەوە و راستەوخۆ شاندی یانەکە چووە شوێنی مانەوەی.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، بەدرێژایی ئەو کاژێرانەی لەبەردەم ماوە، یانەی ریال مەدرید کار لەسەر دەروونی یاریزانەکانی دەکات، بۆ ئەوەی بەتەواوی لە رووی هزرییەوە بۆ یارییەکە ئامادەبن.
 
ئەمشەو لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانی یانەکاندا، کاژێر 22:00 ریال مەدرید بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمان یاری دەکات و براوەی یارییەکە بەرامبەر چێڵسی ئینگلیزی یاری دەکات.