راهێنەری عێراق ناڕازییە

 
رووداو دیجیتاڵ

تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ یارییەکانی جامی سوپەری عێراق و هێشتا بەتەواوی چارەنووسی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە دیارنییە، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقیش نیگەرانە.
 
لەکاتێکدا خولەکان لەسەر ئاستی جیهان دەستپێدەکەن، هێشتا یاریزانان لە تۆپی پێی عێراقدا لە سەرەتای ئامادەکارییەکاندان، ئەمەش راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقی نیگەرانکردووە و پێی وایە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئامادەکارییەکانی تیپەکە بۆ پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال دروستدەکات.
 
گراهام ئارنۆڵد هیوای بە یارییەکانی جامی سوپەری عێراق هەیە بۆ ئەوەی یاریزانەکان تێیدا دەربکەون و ئەو پاڵەوانێتییە ببێتە ئامادەکارییەکی باش بۆ ئەو یاریزانانەی هەڵبژاردەی عێراق کە لە یانە عێراقییەکان یاری دەکەن، بەڵام نا دیاری چارەنووسی ئەو پاڵەوانێتییە راهێنەرەکەی نیگەرانکردووە و لە ئەگەری ئەنجامنەدانی کاریگەری دەکاتە سەر ئامادەکارییەکانی تیپەکە، بەتایبەت کە هەندێک یانە هەڕەشەی کشانەوە لە پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
ئەمە لەکاتێکدا هەڵبژاردەی عێراق پێویستی بە ئامادەکارییەکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەلی گەیشتن بە مۆندیال لەدەست نەدات.
 
عێراق لە پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا لەنێوان 8 بۆ 14ـی مانگی 10 بەرامبەر ئیندۆنیزیا و سعودیە یاری دەکات، بۆ بەدەستهێنانی بلیتێکی گەیشتن بە مۆندیال.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیالی 1986 بۆ یەکەمجار بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا کردووە و گراهام ئارنۆڵد دەیەوێت تیپەکە بۆ جاری دووەم بباتە مۆندیال.