ڤیدیۆ؛ فەرامۆش: فەرامۆش کراوین

رووداو دیجیتاڵ 

فەرامۆش رەمەزان، یاریزانی لەشجوانی هەولێر و کوردستان، گلەیی ئەوە دەکات کە کەس
پشتگیرییان ناکات و دەڵێت "بەداخەوە فەرامۆش کراوین".
 
ئەو پاڵەوانەی لەشجوانی، کە لە پاڵەوانێتیی هەڵەبجە پلەی دووەمی بەدەستهێنا، دوای پێشکێشکردنی ئەو ئاستە بەرزە، لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە گلەیی ئەوەی کرد کە یارییەکە فەرمۆش کراوە و ئەوان پێویستییان بە پشتگیری هەیە و گوتی "ئێمەی یاریزانی لەشجوانی پێویستمان بە پاڵپشتییە، چونکە یاریزانی کورد هیچی کەمتر نییە لە یاریزانە ئەورووپییەکان، بەڵام چیدەکەی کە کەس پشتگیریت ناکات" .
 
فەرامۆش رەمەزانی تەمەن 37 ساڵ، لە کێشی 95 کیلۆگرامیدا پلەی دووەمی لە پاڵەوانێتی هەڵەبەبجەی کراوەدا بەدەستهێنا.
 
ئەو پاڵەوانە لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس، گوتی "ئەم وەرزە بەشداریم لە دوو پاڵەوانێتیدا کردووە لە هەولێر و هەڵەبجە، هەردوو پاڵەوانێتی لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوون، رکابەرییەکان سەخت بوون، بەتایبەت لەو کێشەی من کە 95 کیلۆگرام بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا، توانیم دەستکەوتێکی باش بەدەستبێنم". 
 
بۆ فەرامۆش رەمەزان، چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە قورسترین کاتەکانی بوو، چونکە وەک خۆی دەڵێت "هەفتەی کۆتایی بۆ ئامادەکارییەکان زۆر قورس بوون، چونکە دەبووایە ئاوخواردنەوە، نانخواردن هەمووی بەڕێژە بێت، ئەگەر  سەرپێچییەک بکەین لە بەرنامەی خۆراکیمان، ئەوا کاریگەریی لەسەر ئەنجاممان دەبێت".
 
سەبارەت بەتوانای یاریزانانی کورد، فەرامۆش پێیوایە یاریزانانی کورد رۆژ بە رۆژ بەرەو باشتربوون دەچن و دەڵێت "ئێمەش دەتوانین پاڵەوانێتی گەورە بەدەستبهێنین، بەڵام پاڵپشتیمان نییە، ئێمە کاتێک دەمانەوێت بچینە پاڵەوانێتییەکی دەرەوە، ڤیزە وەرگرتن زۆر قورسە بۆ ئێمە، ئەوە رێگرییە گەورەکەی بەردەممانە، هەروەها پاڵپشتی مادییشمان نییە، بەڵام هەرچۆنێک بێت ناوەستین لە هەوڵدان". 
 
ئەو لەشجوانە داوادەکات لەمەودوا لایەنە پەیوەندیدارەکان دیدگایان بۆ ئەو یارییە بگۆڕن و لەمەودوا پشتگیریی زیاتریان بکەن، بۆ ئەوەی یارییەکە لە کوردستان بەرەو پێشتر بچێت، چونکە وەک خۆی دەڵێت "لەشجوانانی کورد لە ئاستێکی بەرزدان".