ئامەدسپۆر گرێبەستێکی گەورەی راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی ئەستێرەیەکی گەورەی بۆ ریزەکانی راگەیاند، کە پێشتر لە خولە گەورەکانی ئەورووپا و چامپیۆنزلیگدا یارییکردووە.
 
ئامەدسپۆر لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا گرێبەستکردنی لەگەڵ مبای دیانێ، ئەستێرەی سەنیگالی و پێشووی یانەکانی گاڵاتەسەرای، وێستبرۆمیچ و کلەب برووج بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
یانەکەی باکووری کوردستان نووسیوویەتی "بەشێوەیەکی سەرەتایی لەگەڵ مبای دیانێ، هێرشبەری بە ئەزموون گەیشتینە رێککەوتن، دوای ئەنجامدانی پشکنیە پزیشکییەکان کە رۆژی دووشەممە لە ئیستەنبوڵ ئەنجامیدەدات، رۆژی سێشەممە لە رێوڕەسمێکدا لە ئامەد گرێبەستەکەی واژۆ دەکات."
 
ئەم گرێبەستە دەبێتە یەکێک لە گرنگترین گرێبەستەکانی مێژووی یانەی ئامەدسپۆر بەو پێیە یاریزانە سەنیگالییەکە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە یارییکردن لە خولە گەورەکانی ئەورووپادا.


مبای هێرشبەرە، تەمەنی 33 ساڵە، سەرەتا لە 2012 لە یانەی برای ئیتاڵی کاروانی پیشەگەریی دەستپێکردووە، دوای ئەوە چووەتە یوڤێنتوس، لەوێشەوە بۆ یانەکانی ئاژاکسیۆی فەرەنسی، شەبابی سعودی، تیانجینی چینی، قاسم پاشا و گاڵاتەسەرای تورکی، پاشان بۆ کلەب برووجی بەلجیکی و وێستمبرۆیچی ئینگلیزی یارییکردووە.
 
دوای ئەوە روویکردووەتەوە یانەی فاتیح کارەگومرۆکی تورکی، دوو وەرز لەمەبەور گەڕایەوە سعودیە و لە یانەی قادسیە یاریی دەکرد، بەر لە پەیوەندیکردنیشی بە یانەی ئامەدسپۆر یاریزانی یانەی نیۆمی سعودی بووە.
 
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی سەنیگال، مبای لە 2018ـەوە لە ریزەکانی ئەو هەڵبژاردەیەدا یاری دەکات.
 
لەگەڵ یانەی گاڵاتەسەرای یاریزانەکە نازناوێکی خولی تورکیا، نازناوێکی جامی تورکیا و یەکێکی جامی سوپەری تورکیای بەدەستهێناوە.
 
لە یانەی کلەب برووج نازناوێکی خولی بەلجیکای بردووەتەوە، لە سعودیە نازناوی خولی پلە یەکی سعودیەی لەگەڵ هەردوو یانەی قادسیەی و نیۆم بەدەستهێناوە.