ڤیدیۆ؛ راهێنەرێکی کورد مەشق بە ئەیمەن حوسێن دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەیمەن حوسێن، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و یاریزانی نوێی گەرمە، بەر لەوەی پەیوەندی بە مەشقەکانی یانەکەوە بکات، لای راهێنەرێکی کورد مەشق و راهێنان دەکات و دەیەوێت بەباشترین توانای جەستەییەوە ئامادەبێت.
ئەم دیمەنانەی ئێستا پێشانتانی دەدەم، تایبەتن بە رووداو سپۆرتس، ئەیمەن حوسێن چووەتە دوبەی، لای سەردار محەممەد، راهێنەری بەنێوبانگی کورد مەشق و راهێنان دەکات و کار بۆ بەرزکردنەوەی توانای جەستەیی دەکات.
ئەیمەن هەشت رۆژ لای راهێنەرە کوردەکە راهێنانی کردووە، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا پەیوەندی بە مەشقەکانی یانەی گەرمەوە دەکات بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
سەردار محەممەد لە دایکبووی ساڵی 1969ـە و خەڵکی شاری دهۆکی باشووری کوردستانە، دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە بەغدا لە ساڵی 1993، جگە لەوە بەرزترین بڕوانامەی مەشقدانەوەی لە ساڵی 2016 لە ئیمارات بەدەستهێناوە و خاوەنی بڕوانامەی ئاستی (A) لەسەر ئاستی ئاسیا.
سەردار لە 1998 لەگەڵ یانەی زەوڕا دەستی بە راهێنەرایەتی کردووە، هەر لەو ساڵەدا نازناوی خول و جامی عێراقی لەگەڵ یانەکە بردەوە، لە وەرزی 2000-1999 چوار نازناوی لەسەر ئاستی عێراق و نازناوی پاڵەوانێتی ئیماراتی نێودەوڵەتیی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا، پاشان لە 2000 یاریی کۆتایی جامی جامەکانی ئاساییان لەدەستدا.
لە یانەکانی ئیتیحادی ئیماراتی، رەئس خەیمەی ئیماراتی، عەجمانی ئیماراتی، هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، یانەی زاخۆ، یانەی شورتە، یانەی هەولێر و چەندین یانەی دیکە کاریکردووە.
ئەیمەن حوسێن لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بە ملیارێک و 250 ملیۆن دینار گرێبەستی لەگەڵ یانەی گەرمە واژۆکرد، یانەکە دەستی بە مەشق و راهێنانکردووە، بەڵام یاریزانەکە هێشتا پەیوەندیی بە راهێنانەکانەوە نەکردووە.