لەشجوانێکی بەنێوبانگی جیهانی بە دەستی کچە هاوڕێکەی دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
ڤاڵتێر دی ڤارگاس ئایتا، لەشجوانی جیهانی بەنێوبانگ، بەرەبەیانی یەکشەممەی رابردوو، دوای دەمەقاڵێیەک لە دەرەوەی شوقەکەی لە بەرازیل، بە چەقۆ کوژرا. کچە هاوڕێکەشی گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و بەهۆی برینەکانییەوە لە دۆخێکی ناجێگیردایە. پۆلیس دەڵێت "ئەویش بە چەقۆ بریندار کراوە".
ئەو پاڵەوانە تەمەنی 41 ساڵە و لەسەر ئاستی بەرازیل و جیهان زۆر بەنێوبانگە و چەندین دەستکەوتی هەبووە.
بەگوێرەی میدیاکانی بەرازیل، ئەگەر کچە هاوڕێکەی ڤاڵتێر رزگاری بێت، پۆلیسی بەرازیل رایگەیاندووە کە بەگومانی ئەنجامدانی تاوانی کوشتن دەستگیری دەکەن، چونکە ئەو گومانلێکراوی یەکەمە و پێشتر بەهۆی دزیکردن لەڕێگەی چەکەوە داواکراوبوو.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، ئەگەر ئەو خانمە تاوانەکەی بەسەریدا ساخ ببێتەوە سزای زیندانیکردنی تاوەکو 15 ساڵ بەسەردا دەسەپێنرێت.
پۆلیس وێنەی ترسناکی شوێنی رووداوەکەی لە ویلایەتی چاپیکۆ بڵاوکردەوە، کە تێیدا گۆمێک خوێن لەسەر زەویەکە بینرا، لەو شوێنەی کە ڤالتێر بە مردوویی دۆزرابووەوە.
دەسەڵاتداران رایانگەیاندووە کە چەندجارێک چەقۆی لێدراوە و سک و پشت و دەموچاو و ملی بریندارکراوە و لەسەر یەکێک لە پلیکانەکان بەمردوویی دۆزرابووەوە، دوای ئەوەی لە هەوڵی هەڵاتنیدا لە شوێنی رووداوەکە شوێنەواری خوێنی لەدوای خۆی بەجێهێشتبوو.
وێنە ترسناکەکانی دیکەی بڵاوکراوەی شوێنی رووداوەکە خوێن لەسەر دیوارەکانی پلیکانە و لەسەر زەوی بەردەم دەرگای چوونە ژوورەوە نیشان دەدەن.
کاتێک کچە هاوڕێکەی ڤاڵتێر دۆزرایەوە، دەستبەجێ بەبرینی قورس و مەترسیدار بۆ سەر ژیانی گەیێندرایە نەخۆشخانە و پێویستی بە نەشتەرگەری دەستبەجێ هەبوو.
پۆلیس هۆکاری دەمەقاڵێکەیان ئاشکرا نەکردووە کە بەشێوەیەکی دراماتیکی پەرەی سەندووە، تەنیا ئەوەندەی گوتووە کە 'شەڕێکی تووند' لەنێوانیاندا روویداوە پێش ئەوەی تووندوتیژی لێبکەوێتەوە.
پۆلیس هەروەها ناسنامەی کچە هاوڕێکەی ڤاڵتێری دیاری نەکردووە، تەنیا ئەوەندەی گوتووە کە لەگەڵ ڤاڵتێر ژیاوە و تەمەنی 43 ساڵە.
جگە لەوەی کە ڤاڵتێر پلەی دووەمی پاڵەوانێتی فیدراسیۆنی جیهانی بۆ لەشجوانی هەبوو، پێنج جاریش لەسەر ئاستی ویلایەتی چاپیکۆ یەکەم بووە.
ڤاڵتێر بەمدواییە وەک راهێنەرێکی کەسی کاری دەکرد و بەهۆی ئامۆژگارییەکانی لەسەر خۆراک و راهێنانە وەرزشییەکان، ژمارەیەکی زۆری شوێنکەوتووی لە سۆشیال میدیادا پەیدا کردبوو.