شۆک.. ئێمباپێ لەگەڵ خوشکی جۆرجینا رۆدریگێز دەرکەوت
رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری ریال مەدرید و کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە وێنەیەکدا لەگەڵ ئیڤانا رۆدریگێز، خوشکی جۆرجینا رۆدریگێزی دەستگیرانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕی سعوودی دەرکەوت.
کیلیان ئێمباپێ ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسایە، کە خۆی ئامادە دەکات بۆ یارییەکی بەهێز بەرامبەر ئایسلاند، کە ئەمشەو لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەرێوەدەچێت.
وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و شوێن و بۆنەکەی نەزانراوە، بەڵام راپۆرتە میدیاییەکانی پێشوو ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەستێرە فەرەنسییەکە ئیڤانا رۆدریگێز دەناسێت و ئەویش یەکێکە لە هاوڕێیەکانی و پێشتر یەکدیان بینیوە.
کیلیان ئێمباپێ پێشتر پەیوەندی لەگەڵ چەند خانمێکدا هەبووە، دوایینیان نمایشکاری جلوبەرگی ئەمریکی دانی گراس ئالمێدای تەمەن 32 ساڵ بوو و لە مەیامی لەگەڵیدا بینرا.
لەوانەیە دۆستایەتییەکەیان بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئیڤانا رۆدریگێز وەک وەرگێڕی زمانی فەرەنسی کاردەکات و بە چەند زمانێک قسە دەکات: ئیسپانی، ئینگلیزی و پۆرتوگالی، چونکە بنەچەی خوشکەکەی جۆرجینا رۆدریگێزی هەیە.
پەیوەندی نێوان هەردوو خوشکەکە نزیکەی ساڵێکە پچڕاوە و ئیڤانا لە وەرزی دووەمی بەرنامەی 'من جۆرجینام' لە نێتفلێکس دەرنەکەوت.
خوشکەکەی جۆرجینا رۆدریگێز کێیە کە لەگەڵ ئێمباپێ دەرکەوت؟
ئیڤانا رۆدریگێز، خوشکە گەورەکەی جۆرجینا رۆدریگێزە، تەمەنی 35 ساڵە و لە ئیسپانیا لەدایکبووە و لە منداڵیدا لەگەڵ دایک و باوکی بەرەو ئەرجەنتین کۆچی کردووە، لەکاتێکدا جۆرجینا لە بوێنس ئایرێس لەدایکبووە.
بەڵام دواتر خێزانەکە گەڕانەوەتەوە ئیسپانیا و هەردوو خوشکەکە پێکەوە لە شارۆچکەی بچووکی جاکا، نزیک سنووری فەرەنسا گەورەبوون. بەپێی رۆژنامەی زا سەندەی، پەیوەندییان بەهێزتر بوو بەهۆی ئەو ئاڵنگاریانەی کە پێکەوە رووبەڕوویان بووەوە، لەوانەش سزای زیندانیکردنی باوکیان بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و لەدەستدانی دایکیان لە رووداوێکی هاتووچۆ لە ساڵی 2011.
هەردووکیان، ئیڤانا و جۆرجینا، پێکەوە وانەی بالێیان خوێندووە و پێش گەڕانەوەیان بۆ ئیسپانیا، چوونە بەریتانیا بۆ خوێندنی زمانی ئینگلیزی، لەوێ وەک یاریدەدەری فرۆشگا لە گوچی کاریان کردووە.
دوای ئەوەی ساڵانی سەرەتای تەمەنی لە جاکا بەسەربرد، ئیڤانا رووی لە مەدرید کرد بۆ بەدواداچوون بۆ خوێندنی باڵا. وەرگێڕان و وەرگێڕانی راستەوخۆ بۆ زمانی فەرەنسی خوێندووە. ئەو بە گۆڤاری Women's Fitnessـی راگەیاندووە کە "هەندێک وانەی دیکەیشی بە زمانەکانی پۆرتوگالی و ئینگلیزی خوێندووە، دوو زمانن کە زۆر خۆشی دەوێن".
رۆڵی رۆناڵدۆ لە هاوسەرگیرییەکەیدا
ئیڤانا رۆدریگێز قەرزداری رۆناڵدۆیە بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەی کارلۆس گارسیای پێ ناساندووە، بەپێی گۆڤاری هۆلا! لەساڵی 2018 رۆناڵدۆ داوای لە گارسیا کردووە کە هونەرمەند و پەیکەرتاشێکە، بۆ ئەوەی پەیکەرێکی بڕۆنزی بۆ ئەستێرە وەرزشییەکە دروست بکات بۆ ئەوەی جێگەی پەیکەرێکی دیکە بگرێتەوە کە شکستی هێنابوو لە وێناکردنی ئەستێرەکەدا.
گارسیا لە رێگەی رۆناڵدۆوە چاوی بە ئیڤانا کەوت و پەیوەندییەکەیان دەستبەجێ بوو؛ تاوەکو هاوینی 2019 هەردووکیان پەیوەندی خۆشەویستییان راگەیاند و بەپێی رۆژنامەی لا ڤانگواردیا، ئێستا دایک و باوکی دوو منداڵن، دیڤا، تەمەن سێ ساڵ و دافنی، کە لە تەممووزی رابردوودا لەدایکبووە.
پێش ناکۆکی نێوان خوشکەکان، وادیارە جۆرجینا و ئیڤانا پەیوەندییەکی نزیکیان هەبووە. جۆرجینا جارێک بە گۆڤاری ئێلی گوتووە "ئیڤانا هەموو شتێکە بۆ من، زۆرجار، دایک و باوک و هاوڕێ بووە. کەسی یەکەمیەتی"، جەختی لەسەر پشتگیریی ئیڤانا کردووەتەوە لە خۆشی و ناخۆشیدا.
بەڵام لە تشرینی دووەمی 2024 جۆرجینا هەموو شوێنەوارەکانی خوشکەکەی ئیڤانای لە ئەکاونتی ئینستاگرامەکەی سڕییەوە، هەروەها ئیڤانا لە وەرزی دووەمی بەرنامەی "من جۆرجینام" لە نێتفلێکس دەرنەکەوت؛ ئەمەش دەنگۆیەکی جددی سەبارەت بە ناکۆکییەکی خێزانی دروست کرد کە بەتەواوی روون نەبووەوە و خوشکەکان قسەیان لەسەر نەکرد.