راندی مەتی بڕوانامەیەکی باڵا لە بالەی جیهان وەردەگرێت
رووداو هەولێر
راندی مەتی، وەک تاکە راهێنەر لەسەر ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن بەشداریکردووە لە خولی راهێنەری ئاستی سێیەمی جیهانی، کە لەلایەن یەکێتیی بالەی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی دەکرێت.
خولی راهێنەری نێودەوڵەتی ئاستی سێیەمی بالە هەشت رۆژ دەخایەنێت، وانەکانی لەلایەن وانەبێژانی یەکێتیی بالەی نێودەوڵەتی بەشێوازی کردارەکی و زارەکی دەگوترێنەوە، 17 راهێنەر لە وڵاتانی میسر، ئوردن، عومان، کوێت، ماڵدیڤ، ئێران، لوبنان و عێراق بەشدارن، دوای تەواوبوونی خولەکە دەخرێنە نێو تاقیکردنەوە و سەرکەوتووەکان دەبنە خاوەن بڕوانامەی بەرزی لیڤڵ سێ کە باڵاترین بڕوانامەی جیهانییە و دەتواندرێت ببنە وانەبێژی خولی راهێنەری نێودەوڵەتیەکانیش.
ئەو راهێنەرە بڕوانامەی دکتۆرای لە یاریی بالە هەیە و مامۆستایە لە کۆلیژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سەڵاحەدین، پێشتر بڕوانامەکانی لیڤڵی یەکەم و دووەمی بەدەستهێناوە.
راندی مەتی، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو گوتی "دڵخۆشم وەک تاکە نوێنەری هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری گەورەترین خولی راهێنەریم کردووە، دەمەوێت بەو زانست و ئەزموونە گەورەیەی لە یەکێتیی بالەی جیهانی وەریدەگرم خزمەتی وەرزشڤانانی هەموو عێراق بکەم".
نوێنەری عێراق و هەرێمی کوردستان لە خولی راهێنەری لیڤڵ سێی جیهانی، راهێنەری تیپی بالەی خانمانی یانەی ئەکاد عەنکاوەیە، وەک راهێنەر دوو نازناوی خولی بالەی خانمانی عێراقی بردووەتەوە و سێ جاریش وەک یاریدەدەری راهێنەر نازناوەکەی بردووەتەوە، راهێنەری هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراقە و پلەی چوارەمی لە پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیای وەرگرتووە.
لەگەڵ یانەی ئەکاد عەنکاوە بەشداری پاڵەوانێتیی یارییەکانی عەرەبی لە شاریقە کردووە و پلەی پێنجەمی بەدەستهێناوە، لە کوێت بەشداری پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی بالەی خانمانی کردووە و پلەی دووەمی بردووەتەوە.