هەواڵێکی خۆش بۆ هاندەرانی ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکانی داهاتوو لە خولی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ بەردەوامە، لە مەشقەکانی ئەمڕۆی یانەکەدا یاریزانێکی گەڕایەوە. 
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ریال مەدرید ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی وەرزشی ڤالدێبێباس، مەشقەکانی ئەنجامدا، بەڵام یاریزانە نێودەوڵەتییەکان بەشدارییان نەکرد کە ژمارەیان 12 یاریزانە.
 
مارکۆ ئاسێنسیۆ، لە هۆڵی وەرزشیدا بەتەنیا مەشقی کرد و بەشداریی لە مەشقە بە کۆمەڵەکاندا نەکرد، ئیسکۆ، ماریانۆ دیاز، کارڤاخاڵ، سێبایۆس و گارێس بەیڵیش لە کارکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یاریگەکان بەردەوامن.
 
ئەوەی بۆ هاندەرانی یانەی شاهانە جێگەی دڵخۆشییە، گەڕانەوەی فێرلان مێندی، بەرگریکاری یانەکەیە کە بەهۆی پێکانەوە ماوەیەکی زۆرە لە یاریگەکان دابڕاوە و ئەمەش بۆشایەکی گەورەی خستبووە هێڵی بەرگری یانە ئیسپانییەکە.
 
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، مێندی لەگەڵ مارسێلۆ بەشدارییان لە مەشقە بە کۆمەڵەکاندا کردووە و هەموو راهێنانەکانیان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بەتەواوی بۆ یارییەکەی بەرامبەر یانەی شاختار لە خولی یانەپاڵەوانەکانی ئەوروپا ئامادەبێت، کە دوای یارییە نێودەوڵەتییەکان لە 19ـی ئەم مانگە یارییەکە بەڕێوەدەچێت.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، بەهۆی دۆڕانیان لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر شێریف تیراسپۆل لە چامپیۆنزلیگدا و ئیسپانیۆل لە لالیگادا، داوای لە دەستەی پزیشکی یانەی شاهانە کردبوو بە جیددی کاربکەن بۆ ئەوەی مێندی زوو بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.
 
فێرلان مێندی و مارسێلۆ بەهۆی پێکانیان لە ماسوولکەکانیاندا لەسەرەتای ئەم وەرزەوە لە یاریگەکان دوورکەوتنەوە و بەو هۆیەوە نەیانتوانی هاوکاریی یانەکە بکەن.