ئاگر لە ماڵی ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی ریال مەدرید کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە ماڵی ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید کەوتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، بەهۆی شورتی ئاگر لە ساونای ماڵی ڤینیسیۆس جونیۆر کەوتووەتە لە مەدرید.
رۆژنامەی مارکا هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "ئاگر لە ساونای ماڵی ڤینیسیۆس کەوتووەتەوە و بەتەواوی سوتاوە."
ئاگرەکە دوو نهۆمی ماڵی ئەستێرە بەرازیلییەکەی پڕ کردووە لە دوکەڵ، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ژەهراویبوونێک نەبووە.
ئەم رووداوە لەکاتێکدا لە ماڵی یاریزانەکە روویداوە، ڤینیسیۆس جونیۆر لە ماڵەوە نییە و لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لە سیئولە بۆ یارییەکی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای باشوور کە رۆژی هەینی کاژێر 14:00 دەکرێت.
تیمی فریاکەوتن هەر زوو چوونەتە ماڵی ڤینیسیۆس جونیۆر و ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە.