نێتفلێکس دەیەوێت چامپیۆنزلیگ بگوازێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی نێتفلێکس دەیەوێت هەنگاو بنێتە نێو جیهانی وەرزشی و ئەمجارە گرنگی بە مافەکانی گواستنەوەی چامپیۆنزلیگ داوە و دەیەوێت بۆ وەرزی 2027-2028 بەدواوە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بگوازێتەوە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆفا)، پلانی هەیە بە شێوازێکی جیاواز مافی گواستنەوەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بفرۆشێت و چاوی لەوەیە داهاتەکانی فرۆشتنەوەی مافی تەلەڤیزیۆنیی ئەو پاڵەوانێتییە بگەیەنێتە پێنج ملیار یۆرۆ.
 
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئەورووپا، نێتفلێکس کاردەکات بۆ ئەوەی مافی گواستنەوەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ یان بەشێکی یارییەکان بەدەست بهێنێت، هاوشێوەی ئەوەی ئەمازۆن پرایم، کە ئێستا یارییەکانی چامپیۆنزلیگ پەخش دەکات.
 
ئەم سیستەمە نوێیە داهاتی یۆفا بە رێژەی 10% زیاد دەکات و یانەکانیش سوودمەند دەبن. نێتفلێکس ئەمە بە دەرفەتێکی باش دەبینێت بۆ خۆدۆزینەوە لە جیهانی  تۆپی پێ و گەشەکردن لە بواری گواستنەوەی رووداوە وەرزشییەکان.
 
پێشتر نێتفلێکس یارییەکانی تۆپی پێی ئەمەریکی NFL و شەڕی بۆکسێنی مایک تایسۆن و جەیک پاوڵی پەخش کردووە، هەروەها مافی گواستنەوەی مۆندیالی ئافرەتانی 2027 و 2031 لە ئەمریکا بەدەست هێناوە و ئێستا گرنگی بە بەیسبۆڵیش دەدات.
 
نێتفلێکس لە 2025ـدا کۆی 11 ملیار دۆلار قازانجی کردووە، بەشێکی باش لەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بە مافەکانی گواستنەوەی رووداو و پاڵەوانێتییە وەرزشییەکان.