ئەگەر رۆدری یاریی نەکات مانچێستەر سیتی پشتی شکاوە
رووداو دیجیتاڵ
پێکانەکەی پێشووی رۆدری، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی، زیانێکی گەورەی بە یانەکەی گەیاندوە، ئێستاش بەهۆی پێکانێکی نوێوە، جارێکی دیکە نیگەرانییەکان سەبارەت بە کاریگەریی ئامادەنەبوونی سەریانهەڵداوەتەوە، بەتایبەتیش کە ئامارەکان جیاوازییەکی گەورە لە ئاستی یانەکەدا دەردەخەن.
بە ئامادەبوونی رۆدری، مانچێستەر سیتی رێژەی بردنەکانی 72.8%ـە، بەڵام بەبێ ئەو یاریزانە، رێژەکە بۆ 58.8% دابەزیوە. کاریگەریی ئامادەنەبوونی لەسەر هێڵەکانی هێرشبردن و بەرگریش بە روونی دیارە و یانەکە بەبێ رۆدری گۆڵی کەمتر تۆمار دەکات و گۆڵی زیاتری لێ دەکرێت و رێژەی کلین شیتەکانیشی کەم بووەتەوە.
لە پرێمەرلیگدا جیاوازییەکە بەرچاوترە، کە تێکڕای خاڵەکانیان لە هەر یارییەکدا لە 2.35 خاڵەوە بۆ 1.84 خاڵ دابەزیوە. ئەم جیاوازییەش بە نزیکەیی 20 خاڵە لە وەرزێکدا.
ئامادەبوونی رۆدری بە هۆکاری سەرەکیی هاوسەنگی مانچێستەر سیتی دادەنرێت لەژێر سەرپەرشتی پێپ گواردیۆلا.
رۆدری خۆی ئاماژەی بەوەداوە کە پێکانەکەی زۆر قورس نییە و لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە،پێشبینی دەکرێت بۆ یاری داهاتووی یانەکەی بەرامبەر ئێڤەرتۆن لە 18ی ئۆکتۆبەردا ئامادەبێت. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ گواردیۆلا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەرییە گەورەیەی هەیەتی بۆ تیپەکە.