رکابەرییە دوو جەمسەرییەکەی لالیگا بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید لە پێشەنگە و بارسێلۆناش بەدوای کەوتووە و تادێت رکابەرییەکەیان تووندتر دەبێت.
لالیگای ئەم وەرزە تاوەکو ئێستا، رکابەرییەکی تووند و بەهێزی دوو گەورەکەی ئیسپانیا بەخۆیەوە دەبینێت، هەردووکیشیان لەلایەن تیپەکانی، ڤیاڕیال، ریال بێتیس و ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە راو دەنرێن.
ریال مەدرید لە 8 یاریدا، 7 بردنەوەی هەیە، تەنیا لە یەک یاریدا دۆڕاوە، ئەویش بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە، یانەی شاهانە بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ، لە پلەی یەکەمی لالیگا دێت، تیپەکەی ئەلۆنسۆ لەم وەرزەدا، 19 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 9 گۆڵی لێکراوە.
بارسێلۆنای هانزی فلیک لەم وەرزەدا، بە کۆکردنەوەی 19 خاڵ، لە پلەی دووەمی لالیگا جێگیر بووە، ئەو یانەیە تاوەکو ئێستا، 6 یاری بردووەتەوە، لە یەک یاریدا یەکسانبووە و لە دوایین گەڕدا پێش وەستانی نێودەوڵەتی، بەئەنجامی 4-1 بە سێڤییا دۆڕا، بارسا زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە لەم وەرزەی لالیگا، ئەو یانەیە لە 8 یاریدا، 22 گۆڵی هەیە و تەنیا 9 گۆڵی لێکراوە.
ڤیاڕیال بەردەوامە لە راونانی ریال و بارسا، ئەوان تاوەکو ئێستا 16 خاڵیان کۆکردووەتەوە و لە پلەی سێیەمی لالیگا دێن، 5 یارییان بردووەتەوە، 1 یاری یەکسانبوون و لە 2 یاریدا تووشی دۆڕان بوون.
ریال بێتیس لە پلەی چوارەم دێت، تیپەکەی پێلێگرینی لە 8 یاریدا، 15 خاڵیان کۆکردووەتەوە، 4 یارییان بردووەتەوە، لە 3 یاریدا یەکسانبوون و تەنیا یەک دۆڕانیان هەیە، لە گەڕی داهاتوودا رووبەڕووی ڤیاڕیال دەبنەوە و دەیانەوێت پلەی سێیەمی پێ چۆڵ بکەن.
ئاتلێتیکۆ مەدرید و سیمیۆنی، دوای سەرەتایەکی خراپ، گەڕانەوەیەکی نایابیان کردووە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێشەوە دەڕۆن، ئەو یانەیە لەم وەرزەدا، 3 یارییان بردووەتەوە، لە 4 یاریدا یەکسانبوون و تەنیا یەک یارییان دۆڕاندووە، ئەلڤارێز، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەکە، بەشداری لە 8 گۆڵ کردووە و هۆکارێکی سەرەکیی گەڕانەوەی یانە مەدریدییەکەیە.
ئاستە خراپەکەی ریال سۆسیداد، جێگەی سەرنجی هەمووانە لەم وەرزەدا، ئەو یانەیە لە 8 یاریدا تەنیا 1 بردنەوەی هەیە، لە دوو یاریدا یەکسانبووە و 5 دۆڕانی هەیە، ئەو یانەیە بە 5 خاڵ، لە پلەی 19می خولەکە دێت.
ئێڵچی، تاوەکو ئێستا سوپرایزی خولەکە بووە، ئەو یانەیە لە گەڕی هەشتەمدا، تووشی یەکەم دۆڕانی وەرزەکەی بوو، ئێڵچی 13 خاڵی کۆکردووەتەوە، 3 بردنەوە، 4 یەکسانبوون و تەنیا یەک دۆڕانیان هەبووە.
ئێمباپێ سەرنجی هەمووانی راکێشاوە، ئەو یاریزانە بە تۆمارکردنی 9 گۆڵ، گۆڵکاری خولەکەیە، ئەلڤارێز بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ لە پلەی دووەم دێت، ئێتا ئێیۆنگ، ئەستێرەی یانەی لێڤانتێ و یەکێک لە ئامانجەکانی یانەی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی زستانە، 5 گۆڵی تۆمارکردووە و لە پلەی سێیەمی گۆڵکارانی خولەکە دێت.
لویس مێلا، ناوەڕاستکاری یانەی خیتافی، بە 5 ئەسیست، زۆرترین ئەسیستی کردووە لەم وەرزەدا، ڤینیسیۆس جونیۆر بە 4 ئەسیست، لە پلەی دووەم دێت و ڤارگاس، باڵی هێرشبەریی سیڤییا، بە 4 ئەسیست لەدوایانە دێت.
دوای کۆتاییهاتنی پشووە نێودەوڵەتییەکان، بارسێلۆنا لە گەڕی نۆیەمدا، لە دێربیی کەتەلۆنیا، رووبەڕووی جیرۆنا دەبێتەوە، ریال مەدریدیش لە دێربییەکی مەدریدیدا، میوانی خیتافی دەبێت.