"لە ئیبرا خۆی بپرسن بزانن کەی یاریدەکات"

رووداو - هەولێر 

لۆران بلانی راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان فەرەنسی چاکبوونەوەی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەستێرەی یانەکەی لە پێکان راگەیاند، بەڵام روونینەکردەوە ئەو یاریزانە ئەمشەو بەرامبەر مارسیلیا یاریدەکات یان نا.

پاریس سانجێرمان لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری مارسیلیای پێشەنگی فەرەنسا دەکات لە لوتکەی هەفتەی سیانزەی خولەکەدا.

لۆران بلان لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی بەر لە یارییەکەدا گوتی زڵاتان هەستکردن بە ئازاری نەماوە و گەڕاوەتەوە مەشقە بە کۆمەڵەکانی یانەکەی، بەڵام کاتی یاریکردنی دیار نییە.

بلان لە کۆنگرەکەدا نیگەرانیی لە قسەی هەندێک لە رۆژنامەنووسەکان دەربڕی و گوتی بیستومە هەندێک لە ئێوە گوتوتانە ئیبرا خۆی بڕیار دەدات کەی ئامادە دەبێت بۆ یاریکردن و لەبیرتان چووە کە من راهێنەرم و من بڕیار دەدەم کەی ئەو دەتوانێ یاری بکات، ئەگەر ئێوە پێتان وایە ئیبرا خۆی بڕیاری یاریکردن دەدات، کەواتە لە خۆی بپرسن و بزانن سبەی یاریدەکات یان نا.
".