ڤیدیۆ؛ بردنەوەکانی بایرن میونشن راگیران
رووداو دیجیتاڵ
یانەی یونیەن بەرلین سەرکەوتنەکانی یانەی بایرن میونشنی راگرت و رێگەی نەدا ئەو یانەیە درێژە بە بردنەوەکانی بدات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 10ـی بوندێسلیگا، یونیەن بەرلین لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی بایرن میونشنی کرد.
لە خولەکی 27 دانیلۆ دۆیخی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد، لە خولەکی 38 لویس دیاز بە جوانترین گۆڵی یەکسانبوونی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە بە یەکسانبوون تەواو بوو.
لە خولەکی 83 دانیلۆ دۆیخی گۆڵی دووەمی خۆی و یونیەن بەرلینی تۆمارکرد، یانەکە نزیکبوو بردنەوەیەکی مێژوویی تۆماربکات و بایرن تووشی یەکەم دۆڕان بکات لەم وەرزەدا، بەڵام بەر لەوەی فیکەی کۆتایی یارییەکە لێبدرێت، هاری کەین ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
ئەمە یەکەم یەکسانبوونی بایرن میونشنە لەم وەرزەدا و یانەکە نەیتوانی درێژە بە بردنەوەکانی بدات.
باڤارییەکان بە 9 بردنەوە و یەکسانبوونێک خاوەنی 28 خاڵن و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی بوندێسلیگان، یونیەن بەرلین ئەمە سێیەم یەکسانبوونی بوو لە خولەکەدا و بە 12 خاڵ لە پلەی دەیەمە.