هالاند و سەڵاح.. لووتکەی پرێمەرلیگ کێ یەکلای دەکاتەوە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی گەڕی 11ـی پرێمەرلیگ بەردەوامدەبن، ئەمڕۆ یاریی لووتکەی خولەکە لەم گەڕەدا لە شاری مانچێستەر دەبێت، کاتێک یانەی مانچێستەر سیتی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول یاری دەکات.
 
هەردوو یانە رکابەری دەکەن بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە دوورنەکەونەوە، مان سیتی بەبردنەوەی یارییەکە دەگەڕێتەوە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە و جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەی ئارسیناڵ کەمدەکاتەوە، دوای ئەوەی گانەرز کەوتە داوی یەکسانبوون و لەگەڵ یانەی ساندەرلاند یەکسانبوو.
 
لیڤەرپوول تەنیا یەک خاڵ لە مانچێستەر سیتییەوە دوورە و ئەوانیش دەیانەوێت لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە دوورنەکەونەوە و چاویان لە بردنەوەی یارییەکەیە.
 
هالاند و سەڵاح


 
ئەوەی زۆرترین چاوی لەسەر دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەدا، رکابەریی ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری مانچێستەر سیتی و محەممەد سەڵاح، هێرشبەری یانەی لیڤەرپوول دەبێت وەکو دوو ئەستێرەی دیار و بەنێوبانگی پرێمەرلیگ.
 
هالاند لەم وەرزەدا ئاستێکی ناوازەی پێشکێشکردووە، تاوەکو ئێستا یاریزانەکە گۆڵکاری پرێمەرلیگە و 16 گۆڵی لە خولەکەدا تۆمارکردووە، بەڵام سەڵاح هێشتا ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکێش نەکردووە و یاریزانەکە خاوەنی 4 گۆڵە.
 
ئێرلینگ بەرامبەر لیڤەرپوول بەشێوەیەکی گشتی 8 یاریی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامداوە، 5 یاریی دۆڕاندووە، تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و دوو جار یەکسانبووە، لەو 8 یارییەدا یاریزانەکە 3 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمڕۆ دەیەوێت ئەوە بگۆڕێت و ژمارەی گۆڵەکانی بەرامبەر رێدز بەرزبکاتەوە.
 
محەممەد سەڵاح، بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئامارەکانی زۆرباشن، یاریزانەکە بەشێوەیەکی گشتی 23 یاریی بەرامبەر ئەو یانەیە ئەنجامداوە، 9 بردنەوە، 6 یەکسانبوون و 8 دۆڕانی هەیە و 13 گۆڵی تۆمارکردووە و گۆڵێکی دروستکردووە، ئەم ئێوارەیە دەیەوێت بە یاریی لووتکە ئاستی بەرزی خۆی بگەڕێنێتەوە.
 
مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول

 
یانەی مانچێستەر سیتی لەم وەرزەدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو تاوەکو ئێستا 3 یاریی دۆڕاندووە، 6 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، یارییەکی لە یاریگەی خۆی بووە بەرامبەر تۆتێنهام بووە، دوو دۆڕانەکەی دیکەی بەرامبەر برایتۆن و ئاستۆن ڤیلا بووە و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە.
 
یانەکە ئێستا 19 خاڵی هەیە، 20 گۆڵی تۆمارکردووە و 8 گۆڵی لێکراوە، یانەکە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
یانەی لیڤەرپوول، لە 10 گەڕدا 4 جار دۆڕاوە و 6 بردنەوەی هەیە، یانەکە لە هیچ یارییەکدا یەکسان نەبووە، دۆڕانەکانی بەرامبەر کریستال پاڵاس، چێڵسی، مانچێستەر یونایتد و برێنتفۆرد بووە و تەنیا بەرامبەر مانچێستەر یونایتد لە یاریگەی خۆیدا دۆڕاوە.
 
یانەکە تاوەکو ئێستا 18 گۆڵی تۆمارکردووە، 14 گۆڵی لێکراوە، 18 خاڵی هەیە و لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
یارییەکی تایبەت بۆ گواردیۆلا

 
یاریی بەرامبەر لیڤەرپوول یارییەکی زۆر تایبەت دەبێت بۆ پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، راهێنەرەکە یاریی ژمارە 1000 لە کاروانی راهێنەرایەتیکردنیدا ئەنجامدەدات، پێپ تاوەکو ئێستا 999 یاریی ئەنجامداوە، 715 یاریی بردووەتەوە و یەکەم راهێنەرە زیاتر لە 700 یاریی بردبێتەوە، رێژەی بردنەوەکانی 71.57٪ـە و 40 نازناوی لەگەڵ یانەکانی بارسێلۆنا، بایرن میوشن و مانچێستەر سیتی بردووەتەوە و دەیەوێت ئەمڕۆ بەبردنەوە یارییەکانی بگەیێنێتە هەزار یاری.