پاڵەوانێتیی بادمنتۆنی رۆژئاوای ئاسیا لە هەولێر دەکرێت
رووداو هەولێر
بڕیارە هەفتەی داهاتوو بۆ جاری دووەم شاری هەولێر میوانداریی یارییەکانی پاڵەوانێتیی بادمنتۆنی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا بکات.
یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەبەشداری 9 وڵات کە بریتین لە عێراق، قەتەر، بەحرەین، سوریا، لوبنان، ئوردن، عومان، فەڵەستین لەگەڵ سعودیە رۆژی 19ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات و هەفتەیەک لەنێو هۆڵی داخراوی یانەی ئەکاد عەنکاوە دەخایەنێت.
ڤان شەوقی، ئەندامی یەکێتیی بادمنتۆنی عێراق لەبارەی ئامادەکارییان بۆ میوانداریی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئامادەکارییەکانمان بۆ میوانداریکردنیی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا زۆر باشە، یارییەکان بۆ ئاستی کوڕان و کچان لە تەمەنی خوار 23 ساڵ و 17 ساڵ و 15 ساڵە، ئەوەی گرنگە ژمارەیەک سەرۆک و کەسایەتی زۆر گرنگ لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەب و ئاسیا و جیهان سەردانی هەولێر دەکەن بۆ ئامادەبوون لەو پاڵەوانێتییە".
هەڵبژاردەی عێراق بە 24 یاریزان بەشداری پاڵەوانێتییەکە دەکات و سێزدە یاریزان کوردن و چاوییان لە ئەنجامێکی گەورەیە.
ئەندامەکەی یەکێتیی بادمنتۆنی عێراق زیاتر روونیکردەوە "تەواوی یاریزانانمان لە ئامادەباشیدان و هەمووان راهێنانێکی باشیان کردووە، بڕیارە سبەی دووشەممە هەموو یاریزانەکان پێکەوە لەنێو هۆڵی ئەکاد عەنکاوە دەست بە کەمپێکی راهێنان بکەن، ئێمە چاومان لە ئەنجامێکی گەورەیە و دەمانەوێت زۆرترین میدالیا زێڕەکان ببەینەوە".
بەهۆی بوونی ژێرخانێکی باشی وەرزش لە عەنکاوە و بوونی خزمەتگوزاری باشی گەشتیاری بەردەوام پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی بادمنتۆن لەو شارۆچکەیەی هەولێر بەڕێوەدەچێت، پێشتر لە عەنکاوە پاڵەوانێتیی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا و عەرەب بەڕێوەچووە.