عێراق بە سەرکردایەتیی ئاکام هاشم رووبەڕووی جەزائیر دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی عەرەب کۆتاییدێن، هەڵبژاردەی عێراق سێیەم یاریی خۆی لە رکابەرییەکەدا ئەنجامدەدات و بەرامبەر جەزائیر یاری دەکات.
لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە کۆمەڵەی چوارەمدا، کاژێر 20:00 هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەی جەزائیر یاری دەکات و یارییەکە لە یاریگەی خەلیفە بەڕێوەدەچێت و هەردوو هەڵبژاردە رکابەری لەسەر پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە دەکەن.
عێراق دوو یاریی رابردووی لە بەحرەین و سودان بردووەتەوە و بە شەش خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە، جەزائیر بەبردنەوەیەک و یەکسانبوونێک لە پلەی دووەمە و براوەی یارییەکە بە یەکەمی کۆمەڵەکە سەردەکەوێت.
بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاریی رابردوودا تووشی بوو، شێرکۆ کەریم، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە یارییەکەدا ناکات و مانگ و نیوێک دووردەکەوێتەوە، ئەیمەن حوسێنیش پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
ئاکام هاشم، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەکە لە باشترین کاتەکانیدایە و هاوشێوەی دوو یاریی رابردووی هەڵبژاردەکە چاوەڕواندەکرێت لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکەدا بێت.