سبەی بە کۆمەڵێک یاریی بەهێز و ئاگرین، گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگ بەردەوام دەبێت.

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا تیپەکان هەنگاو دەنێن بەرەو گەڕەکانی کۆتایی قۆناخی خولەکە، چەندین یانە تەنیا لەپێناو بردنەوەدا ناجەنگن، بەڵکو شەڕی مانەوە، گەیشتن بە قۆناخی دەرچوون، یان بەدەستهێنانی هەلێک دەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەنجامەکانی رابردوو.
 
لە نێو یارییەکانی رۆژی چوارشەممەدا، رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی و ئاتلێتیک بیلباو بەرامبەر پاریس سان جێرمان وەک یاریی لووتکە و چارەنووسساز دەردەکەون، کە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ریزبەندییەکە دەبێت.
 
ریال مەدرید - مانچێستەر سیتی، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
 
ریال مەدرید لە یارییەکی چارەنووسسازی چامپیۆنزلیگدا میوانداریی مانچێستەر سیتی دەکات، کە تێیدا هەر خاڵێک بایەخی خۆی هەیە. تەواوی سەرنجەکان لەسەر چابی ئەلۆنسۆن، کە لەم وەرزەدا رووبەڕووی پرسیار و رەخنە بووەتەوە سەبارەت بە تاکتیکەکانی و شێوازی بەڕێوەبردنی پێکهاتەکەی.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکەدا، ئەلۆنسۆ جەختی لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی سەرنج  و پابەندبوون کردەوە و گوتی "ئێمە لە هەستیاریی دۆخەکە تێدەگەین، دەبێت هەر یاریزانێک باشترین ئاستی خۆی پێشکەش بکات. ئەمە ساتێکە بۆ ئەوەی کەسایەتی و تواناکانمان بسەلمێنین"
 
مەدرید هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لەنێوان داهێنانی هێرشبردن و سەقامگیریی بەرگریدا دروست بکات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێڵی ناوەڕاست و هێرشبردنی بەهێزی سیتی.
 
بۆ ئەلۆنسۆ، ئەم یارییە تەنیا پەیوەست نییە بە کۆکردنەوەی خاڵەوە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکە بۆ سەرکردایەتی، توانای هاندانی پێکهاتەکە و لێهاتووییە تاکتیکییەکانی لەژێر گوشاردا، لە بەرامبەردا مانچێستەر سیتی بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی گرنگ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات، کە دەتوانێت پێگەکەیان لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندییەکەدا جێگیر بکات.
 
پێشکەشکردنی ئاستێکی بەهێز لەم یارییەدا، دەتوانێت متمانە بۆ کاروانی ئەورووپیی مەدرید بگێڕێتەوە و ستراتیژ و پێگەی ئەلۆنسۆش دووپات بکاتەوە.
 
ریال مەدرید ئێستا بە 12 خاڵەوە لە پلەی پێنجەمدایە و بە جێگیری لەنێو ناوچەی سەرکەوتنی راستەوخۆدایە. مانچێستەر سیتیش بە 10 خاڵەوە لە پلەی نۆیەمە و هەوڵی بەدەستهێنانی پلەیەکی سەرکەوتنی راستەوخۆ دەدات.
 
ئاتلێتیک بیلباو - پاریس سانجێرمان، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
ئاتلێتیک بیلباو ئێستا لە دەرەوەی 16 پلەی یەکەمە و لەژێر گوشاردایە، دەبێت ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی هیواکەی بۆ پلەیەک لە ناوچەی پاشکۆ بە زیندوویی بیهێڵێتەوە. پاریس سان جێرمانیش بە 12 خاڵەوە لە پلەی دووەمدایە و بە دڵنیاییەوە نزیکە لە سەرکەوتنی راستەوخۆ.
بۆ ئاتلێتیک بردنەوە دەتوانێت هاوکێشەکانی پاشکۆ بگۆڕێت. لە بەرامبەردا، پاریس سانجێرمان دەیەوێت پێگەی باڵای خۆی دووپات بکاتەوە و بە بردنەوەیەک، ئاسوودەیی خۆی پێش گەڕەکانی کۆتایی مسۆگەر بکات.
 
کاراباخ - ئەیاکس، کاژێر 20:45 بە کاتی باشووری کوردستان
کاراباخ لە پلەی 19 بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ، وەک لایەنی پاڵێوراوێکی باڵاتر دەچێتە نێو ئەم رووبەڕووبوونەوەیە هەلی ئەوەیان هەیە هاوکێشەکان بگۆڕن، هاوکات ئەیاکس تا رادەیەک بێئومێد بوون لە سەرکەوتن.
ئەیاکس، دەبێت لەم یارییەدا جگە لە بردنەوە بژاردێکی دیکەی نەبێت ئەگەر بیەوێت رکابەری بکات, هەر ئەنجامێکی دیکە بە فەرمی دەبێت بە یەکەم تیپ ماڵئاوایی بکات لە پاڵەونێتییەکە.
 
ڤیاڕیال - کۆپێنهاگن، کاژێر 20:45 بە کاتی باشووری کوردستان
ڤیاڕیاڵ بە تەنیا یەک خاڵەوە لە پلەی 34دایە، کە یەکێکە لە لاوازترین پێگەکان لە پاڵەوانێتییەکەدا.
کۆپنهاگنیش بەدەست خراپییەوە دەناڵێنێت، بەو پێیەی لە پلەیەکی نزمدایە لە ریزبەندییەکەدا و دەزانێت کە بردنەوە زۆر پێویستە ئەگەر بیانەوێت هەر چانسێکیان هەبێت بۆ کێبڕکێکردن لەسەر سەرکەوتن. ئەمە یارییەکی زۆر هەستیارە بۆ هەردوولا دۆخێکە کە بردنەوە تێیدا ناچارییە بۆ ئەوەی لە دەرکرانی پێشوەختە زگاریان ببێت.
 
لیڤەرکوزن - نیوکاسڵ، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
لیڤەرکوزن بە 8 خاڵەوە لە پلەی 17یەمدایە و نیوکاسڵیش بە 9 خاڵەوە لە پلەی 11یەمدایە.
هەردوو یانەکە لە ناوەڕاستی ریزبەندییەکەدان، بەڵام هێشتا هەموو ئەگەرەکان کراوەن. بردنەوە دەتوانێت هەر یەکێکیان لە کێبڕکێی قۆناخی پاشکۆ نزیک بکاتەوە، لە کاتێکدا دۆڕان دەتوانێت هیواکانیان لە پاڵەوانێتییەکەدا لەبار ببات.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند - بۆدۆ گلیمت، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
دۆرتمۆند بە 10 خاڵەوە لە پلەی شەشەمدایە بۆدۆگلیمت بە 2 خاڵەوە لە پلەی 32ی ریزبەندییەکەدایە.
دۆرتمۆند ئامانجیەتی باڵادەستی بسەپێنێت و بە متمانەوە هەنگاو بەرەو سەرکەوتنی راستەوخۆ بنێت، لە کاتێکدا بۆدۆگلیمت رووبەڕووی ئەرکێکی سەخت دەبێتەوە بۆ مانەوە، پێویستی بە خۆڕاگری و ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراوی گەورەیە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە ریزبەندییەکەدا بکات.
 
کڵەب بروج - ئارسیناڵ،  کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
 
کڵەب بروج لە پلەکانی خوارەوەی ریزبەندییەکەدایە؛ لە کاتێکدا ئارسیناڵ بە 15 خاڵەوە پێشەنگی پاڵەوانێتییەکەی گرتووە.
ئارسیناڵ ئامانجیەتی باڵادەستیی خۆی بسەپێنێت و بردنەوەیەکی دیکەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی مسۆگەر بکات بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پێشەنگایەتییەکەی بکات. بروجیش، وەک لایەنی کەمتر پاڵێوراو، رەنگە بە خواستی بەرزەوە بجەنگێت بۆ ئەوەی لە دۆڕانێکی قورس دوور بکەوێتەوە، رەنگە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراویش بدات.
 
یوڤێنتوس - پاڤۆس،  کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
 
یۆڤێنتوس و پافۆس لە ریزبەندی یانەکانی خوارەوەی ناوەڕاستدان هەردووکیان پێویستیان بە ئەنجامی ئەرێنییە بۆ ئەوەی لە کێبڕکێدا بمێننەوە.
بۆ یۆڤێنتوس، ئەمە هەلێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوچەی دەرکران و رزگارکردنی هیوا ئەورووپییەکانیان. بۆ پافۆسیش، وەک لایەنی کەمتر پاڵێوراو، بابەتەکە پەیوەستە بە خۆڕاگری و قۆستنەوەی هەلەکە، و رەنگە بە تۆمارکردنی ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو، گۆڕانکاری لە ڕیزبەندییەکەدا بکەن.
 
بێنفیکا - ناپۆلی، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
 
ناپۆلی بە 7 خاڵەوە لە ناوەڕاستی ریزبەندییەکەدایە، لە کاتێکدا بێنفیکا لە کێشەیەکی راستەقینەدایە و تائێستا تەنیا 3 خاڵی هەیە، کە ئەمەش لە نزیک خوارەوەی ریزبەندییەکەدا هێشتوونیەتەوە. بۆ ناپۆلی، بردنەوە لە ناوچەی پاشکۆ جێگیریان دەکات، بەڵام بۆ بێنفیکا ئەم یارییە بە نزیکەیی دواین دەرفەتە بۆ هێشتنەوەی هیوا ئەورووپییەکانیان بە زیندوویی.
 
لەگەڵ ئاشکرابوونی ریزبەندییەکاندا، یارییەکانی رۆژی چوارشەممەی چامپیۆنزلیگ گرنگی و کاریگەرییەکی روونیان هەیە. هەر ئەنجامێک دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو نەخشەی قۆناخی پاشکۆ  و دەرچوون بگۆڕێت  لە کێبڕکێکارە سەرەکییەکانەوە تا دەگاتە ئەو یانانەی کەمتر پاڵێوراون و بەهیوان.
لەژێر گوشاردابن یان بەدوای شکۆدا بگەڕێن، یانەکانی سەرانسەری ئەورووپا باش دەزانن یارییەکانی ئەم رۆژە رەنگە دیاری بکات کێ سەردەکەوێت، کێ لە قۆناخی پاشکۆدا دەجەنگێت  کێش زوو ماڵئاوایی دەکات.