ریال مەدرید بۆ یارییەکەی مانچێستەر سیتی ئەستێرەی یەکەمی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید تووشی شۆکێکی گەورە بوو بەر لە رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی، کە سبەی چوارشەممە، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانە ئینگلیزییەکە دەکات.
 
ریال مەدرید بەدۆخێکی دەروونی خراپەوە دەچێتە ناو ئەو یارییە، دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ لە گەڕی رابردووی لالیگادا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، کە ئەمەش چارەنووسی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری خستووەتە مەترسییەوە.
 
ریال مەدرید لەکۆی دوایین 5 یاریی لالیگادا تەنیا یارییەکی بردووەتەوە، بەمەش ئەلۆنسۆ کەوتووەتە ژێر چاودێرییەکی وردەوە؛ بەهۆی پەیوەندییەکەی لەگەڵ یاریزانان و شێوازی یاری و بڕیارە تەکتیکییەکان، لەکاتێکدا پێکانەکان جارێکی دیکە بەشێوەیەکی کتوپڕ زیادیان کردووەتەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ ئەمڕۆ بەشداری لە مەشقەکانی ریال مەدرید کرد لەکاتێکدا هەستی بە ئازار دەکرد لە قاچی چەپیدا، سەرەڕای پێکانێک لە پەنجەی دەستیدا.
 
رۆژنامەی ئەی ئێس ئاشکرایکرد کە ئێمباپێ بەدەست پێکانێکەوە لە پەنجەی دەستی دەناڵێنێت، بەڵام سەرچاوەی نیگەرانییە راستەقینەکە لە ئازاری قاچی چەپیدایە.
 
لەناو یانەکەوە گومانێکی گەورە هەیە لە بەشداریکردنی بەرامبەر مانچێستەر سیتی، و ئەگەر یاریش بکات ئەوا بە توانایەکی جەستەیی سنووردارەوە دەبێت".
 
کیلیان ئێمباپێ تەنیا یاریزان نابێت کە ئامادە نابێت، بەڵکو میلیتاو، کارڤاخال، ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد، ئالابا، مێندی، کاماڤینگا و دین هاوسن هەن، بەجۆرێک ریال مەدرید نزیکە لەوەی بەبێ هێڵی بەرگری رووبەڕووی سیتی ببێتەوە، ئەمەش گوشارەکان بۆ سەر شانی ئەلۆنسۆ زیاد دەکات.
 
لە کاتی مەشقەکانی ئەمڕۆدا، یاریزانە بەردەستەکان و دەستەی هونەری بەسەرکردایەتی ئەلۆنسۆ لە ناوەڕاستی یاریگەدا دەرکەوتن، و گوێیان دایە ئەو پەیامە کە راهێنەرەکە دووبارەی کردەوە کاتێک بە یاریزانانی گوت "ئێمە یەک تیپین، بەیەکەوە دەڕۆین"، و بەمەش دۆخەکە هێورکرایەوە.