یاریزانێکی ریال مەدرید لەبەر نەبوونی دەست بە یاریکردن دەکاتەوە

رووداو دیجیتال

ئەو پارەیەی بە تۆپی پێ کۆیکردەوە، هەمووی لە گۆرانیگوتن لەدەستیدا و ئێستا دەیەوێت بە گەڕانەوە بۆ تۆپی پێ خۆی لە هەژاری و بێپارەیی بپارێزێت.

ئەمە حاڵی رویستۆن درێنتی، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی هۆڵەندا و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییە، کە پێشتر پێشبینی دەکرا ببێتە یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێ، هەر بۆیەش ریال مەدرید هەر زوو گرێبەستی لەگەڵ کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئەو چووە خولی ئیماراتی و دواتریش وازی لە تۆپی پێ هێنا و ویستی تواناکانی لە گۆرانیگوتن تاقیبکاتەوە، بەڵام وادیارە ئەو لە خراپەوە چووەتە خراپتر.

رۆژنامەکانی هۆڵەندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە درێنتی زیاتر لە 3.5 ملیۆن یۆرۆی لە رێگەی تۆپی پێوە دەستکەوتبوو، بەڵام بەشێوەیەکی سەیر هەمووی لەدەستداوە.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن "درێنتی دانی بەوەداناوە کە هەموو پارەکەی لە وەبەرهێنان لە بواری گۆرانی و نواندندا خەرجکردووە و یەک سەنتی بۆ نەماوەتەوە و تووشی مایەپووجبوون بووە، بۆیە دەیەوێت جارێکی دیکە دەست بە یاری بکاتەوە".

درێنتی کە پێشتر زۆر قەڵەو بووبوو ئێستا کێشی دابەزاندووەتەوە و ئەمجارە یاری بۆ یانەی راسینگ مۆرسیای ئیسپانی دەکات، کە لە خولی پلە سێیەکانی ئیسپانیا یاری دەکات، بەڵام بڕی گرێبەستەکە دیارنییە.