نەورۆز چاوی لە دووەم بردنەوەی لەسەریەکە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز چاوی لە دووەم بردنەوەی لەسەریەکە و دەیەوێت زیاتر لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دووربکەوێتەوە، کاتێک بەرامبەر یانەی غەراف یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 11ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 15:00 یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی غەراف یاریی دەکات و دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لە یانەی نەفتی بردەوە، یانەکە چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە و دەیەوێت زیاتر لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولەکە دووربکەوێتەوە.
وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "غەراف تیپێکی نایابە، یاریزانی بە ئەزموون و دەستەیەکی راهێنەرانی بەڕێزی هەیە، یارییەکە زەحمەت دەبێت، ئێمە لە دوایین دوو یارییدا ئاستێکی زۆرباشمان پێشکێشکردووە و هیوادارم چێژ لە یارییەکە وەربگرین و هاندەرانمان رازی بکەین."
راهێنەری نەورۆز زیاتر دەڵێت "ئێمە خوێندنەوەی زۆرباشمان بۆ رکابەرەکەمان کردووە، یارییکردن لە یاریگەی ئەواندا زۆر زەحمەتە و لە یاریگەی خۆی نەدۆڕاوە، ئێمە یاریزانی بە ئەزموون و پیشەگەرمان هەیە و دەمانەوێت رێگەکە راستبکەینەوە."
لە یارییەکەی ئەمڕۆی نەورۆزدا هەریەکە لە تەقی فەلاح و ئۆگنێن مرسیج بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتەکانیان بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام یاریزانەکانی دیکە و ئەو پیشەگەرانەشی تازە پەیوەندییان بە یانەکەوە کردووە ئامادەن.