کوردش پاوەر یارییەکی مێژوویی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
عەگید کابایێل، ئەستێرە کوردستانییەکەی یاریی هونەری شەڕکردن ناسراو بە "کوردش پاوەر" یارییەکی گرنگ و مێژوویی هەیە و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
ئەمڕۆ لە هۆڵی رودۆڵف وێبەر ئارێنا، لە ئۆبەرهاوسن عەگید کابایێل ئەستێرەی کوردستانی لە هونەری شەڕکردندا لەکێشی قورس یاریی دەکات و رووبەڕووی دامیان کنیبای پۆڵەندی دەبێتەوە.
یارییەکە کاژێر 20:00 دەستپێدەکات، کابایێل خاوەنی ریکۆردێکی گەورە و مێژووییە، 26 یاریی لەسەریەک بردووەتەوە و دەیەوێت مێژووییەکی دیکە بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە تۆماربکات و سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت.
بۆ ئەم یارییە بەهێزە، شەڕکەرە کوردستانییەکە ماوەیەکی زۆرە خۆی ئامادەدەکات و هەموو کورد چاوەڕێی سەرکەوتنێکی دیکەی دەکەن.عەگید کابایێل دەیەوێت پارێزگاری لە پشتێنی کێشی قورس بکات.
عەگید کابایەل بە رەچەڵەک خەڵکی شارۆچکەی پازارخ ـی سەربە پارێزگای مەڕەش ـی باکووری کوردستانە. لە یاری پاڵەوانێتی جیهانی بۆکسێنی کێشی قورس، مێژووی تۆمارکرد.
عەگید، کە رۆژی شەممە 18ـی ئایار 25ـەمین یاریی کرد، رووبەرڕووی سانچێز بۆکسێنەری کوبایی بووەوە و یارییەکەی لێ بردەوە، ئەو کاتە کە عەگید ئەو یارییەی بردەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆش لەوێ بوو و پیرۆزبایی لە ئەستێرە کوردستانییەکە کرد و بەیەکەوە دەرکەوتن.