جەزائیر و نایجیریا یارییەکی ئاگرینیان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی قۆناخی هەشتی جامی ئەفریقا بەردەوامدەبن و دوو بەهێزترین هەڵبژاردە رووبەڕووی یەکدەبنەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی.
ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 19:00 هەردوو هەڵبژاردەی جەزائیر و نایجیریا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەڵبژاردەی نایجیریا بە سەرکردایەتیی ریاز مەحرز، دوای بردنەوە زەحمەتەکەیان بەرامبەر کۆماری کۆنگۆ گەیشتنە ئەم قۆناخە و دەیانەوێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە بکەن.
ڤلادیمێر پیتکۆڤیچ، راهێنەری هەڵبژاردەی جەزائیر خاوەنی ریکۆردێکی زۆرباشە و لە دوایین 14 یاریی نێودەوڵەتیدا 11 یاریی بردووەتەوە، بەڵام ئەمشەو ئەو ریکۆردەی لەژێر مەترسییەکی گەورەدایە.
هەڵبژاردەی نایجیریا لە قۆناخی شازدە بە سەرکەوتنێکی گەورە بەرامبەر موزەمبیق گەیشتە ئەم قۆناخە و یەکێک لە بەهێزترین تیپەکانی پاڵەوانێتییەکەیە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
لە یاریی رابردوودا شەڕ و گرژی لەنێوان ڤیکتۆر ئۆسیمێن و ئادێمۆلا لوقمان روویدا و دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئۆسیمێن هەڵبژاردەکەی بەجێهێشتووە، بەڵام راست نییە و یاریزانەکە لە دوایین مەشقەکانی تیپەکەدا بینراوە و دەیەوێت هاوکاریی تیپەکە بکات بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
دوایینجار هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەفریقای 2019 رووبەڕووی یەکبوونەوە و جەزائیر یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
جەزائیر و نایجیریا 17 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، جەزائیر خاوەنی 9 بردنەوەیە، نایجیریا 7 یاریی بردووەتەوە و تەنیا یەک یارییان بەرامبەر بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.