سەڵاح دەیەوێت دوای 3 پاڵەوانێتی میسر بگەیێنێتە قۆناخی پێشکۆتایی

 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو هەڵبژاردەی میسر و کۆتدیڤوار دوایین یاریی قۆناخی هەشتی جامی ئەفریقا ئەنجامدەدەن و رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی دەکەن.
 
رۆژی هەینی هەڵبژاردەی میسر دوایین مەشقەکانی بەسەرکردایەتیی محەممەد سەڵاح ئەنجامدا و تیپەکە دەیەوێت لەنێو رکابەرییەکەدا بەردەوامبێت، هەڵبژاردەکە لە قۆناخی رابردوودا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەنینی بردەوە و گەیشتە ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە و ئەمشەو کاژێر 22:00 رووبەڕووی کۆتدیڤوار دەبێتەوە.
 
میسر لە دوای 2017ـەوە نەگەیشتووەتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەفریقا و لە سێ پاڵەوانێتی رابردوودا لە قۆناخی شازدە کراوەتە دەرەوە، بۆیە تیپەکە نایەوێت بۆ چوارەمجار لەسەریەک لەم قۆناخەدا بکرێتە دەرەوە.
 
هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار، پاڵەوانی جامی ئەفریقای رابردوو بەباشی خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و دەیەوێت بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
فرانک کیسێ و هاوڕێکانی رۆژی هەینی بە ئارامییەکی زۆرەوە دوایین مەشقەکانیان ئەنجامدا، لە قۆناخی رابردووشدا بە ئاسانی لە بۆرکینا فاسۆیان بردەوە و گەیشتنە ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییە.
 
هەردوو هەڵبژاردە لە مێژوودا 21 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، میسر خاوەنی 11 سەرکەوتنە، کۆتدیڤوار 6 یاریی بردووەتەوە و 4 یاریی نێوانیان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
براوەی ئەم یارییە لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی سەنیگال یاریی دەکات.