شێروان کوردستان بۆ رووداو سپۆرتس: حدوود دەگەڕێنمەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق
رووداو دیجیتال
شێروان کوردستان، ئەستێرەی کوردی یانەی حدوود ئاشکرایکرد، تەواوی ئەو گرێبەستانەی پێشکەشی کراوە رەتدەکاتەوە و پابەندبوون و بەدیهێنانی خەونی یانەی گەڕانەوەی یانەی حدوود بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق بەدیدەهێنێت.
ئەو یاریزانە کە لە باڵی راست و چەپ یاریدەکات، دوای ئەوەی دوو وەرزە لەگەڵ یانەی حدوود ئاستێکی بەرزی پێشکێش دەکات، ئەمساڵ گۆڵێک و حەوت ئەسیستی کردووە، ئەمەش بووەتە مایەی سەرنجراکێشانی یانە گەورەکانی بەغدا و داوای گرێبەستیان لێکردووە، بە تایبەتی یانەی زەورا.
ئەو ئەستێرە کوردە لەبارەی داهاتوو بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "من تەواو پابەندم بە گرێبەستەکەم لەگەڵ یانەی حدوود، زۆر رێزم لێدەگرن و دەمەوێت خزمەتیان بکەم و تیپەکە بگەڕێنمەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق، راستە چەند گرێبەستێکی باشم پێشکەشکراوە، بەڵام رەتمکردووەتەوە و لە یانەکەم ناڕۆم".
یانەی حدوود وەرزی ئەمساڵ لە خولی یانە نایابەکانی عێراق رکابەرییەکی بەهێز دەکات، دوای تێپەڕبوونی 14 گەڕ لە یارییەکان، حدوود بەکۆکردنەوەی 28 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندییە.
شێروان کوردستان، کە تەمەنی 26 ساڵە، سەرەتای کاروانی وەرزشیی خۆی لە خولەکانی کوردستان لە ریزی هەریەک لە یانەکانی رزگاری، کفری و نەورۆز دەستپێکردووە، دواتر لە خولی عێراق یاری بۆ یانەی هەولێر و نەورۆز کردووە و دوو درێسی حدوودی پۆشیوە.