بەر لە کلاسیکۆ کێشەیەکی گەورە رووبەڕووی ئەلۆنسۆ دەبێتەوە
رووداو دیجیتال
چەند کاژێرێک پێش کلاسیکۆ، سەرئێشەیەکی گەورە بۆ چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ریال مەدرید دروست دەبێت و چوار ئەستێرەی گرنگی ریال مەدرید هەڕەشەی دابڕانیان لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا لەسەرە!.
تەنیا چەند کاژێرێک پێش فیکەی دەستپێکی یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، هەورێکی رەش ئاسمانی ڤالدێبێباسی گرتووەتەوە و راپۆرتە پزیشکییەکان لەناو ماڵی شاهانەدا، پەیامی دڵخۆشکەریان بۆ چابی ئەلۆنسۆ و هاندەرانی ریال مەدرید پێ نییە و تیپەکە لە بارودۆخێکی پڕ لە گومان و چاوەڕوانیدایە.
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەند یاریزانێکی سەرەکیی تیپەکە لەوانەیە نەتوانن لە جەنگی کلاسیکۆدا ئامادە بن، ئەمەش گوشارێکی تاقەتپڕوکێنی خستووەتە سەر پلانەکانی راهێنەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا.
بەگوێرەی ئەوەی هەژماری madridistaReal لە پلاتفۆرمی (X) بڵاویکردووەتەوە، یانە مەدریدییەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە هەلی بەشداریکردنی ئەنتۆنیۆ رودیگێر لە یاریی کۆتاییدا زۆر لاوازە. ئەو جەنگاوەرە ئەڵمانییەی هێڵی بەرگری بەدەست کێشەی جەستەییەوە دەناڵێنێت و هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ئامادەباشی تەواو، ئەمەش درزێکی گەورە لە دڵی بەرگریی شاهانەدا دروست دەکات.
هەواڵە ناخۆشەکان لێرەدا نەوەستاون؛ راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە چارەنووسی هەریەکە لە رۆدریگۆ گۆیس و راول ئاسێنسۆ هێشتا دیارنییە. ئەم دوو یاریزانە لە ناوچەی گوماندان و بڕیارە لە کاژێرەکانی داهاتوودا پشکنینی وردتریان بۆ بکرێت، تاوەکو دیاری بکرێت ئایا دەتوانن بەشداری لە یارییەکەدا بکەن یان نا.
تەنانەت بەشداریکردنی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیش هێشتا مسۆگەر نییە، سەرەڕای ئەوەی گەشتی سعودیەی کردووە و پەیوەندی بە یانەکەیەوە کردووە، بەڵام پزیشکان هێشتا دوودڵن لەوەی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکەن و ناوێرن سەرکێشی پێوە بکەن.
هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ریال مەدرید بەنیازە دەرزی ئازارشکێن بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ئێمباپێ بتوانێت بەشداری لەو یارییەدا بکات، بەڵام ئەوکاتیش ئەو کارە سەرکێشییەکی مەترسیدارە و لەوانەیە باجەکەی قورس بێت، پێکانەکەی کیلیان سەرهەڵبداتەوە و بەشێوەیەکی خراپتر.
ئەم پێشهاتە کتوپڕانە، چابی ئەلۆنسۆ دەخەنە ناو هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی تاکتیکییەوە. راهێنەرە ئیسپانییەکە ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ یان دەبێت سەرکێشی بە یاریزانەکانییەوە بکات، یان پەنا بۆ بژاردەی دیکە 'پلان بی' ببات بۆ ئەوەی هاوسەنگیی تیپەکەی لە بەرامبەر بارسایەکی ئامادە تێکنەچێت.