زاخۆ دەیەوێت لە کوێت مێژوو دووبارە بکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی جامی کەنداو بۆ پاڵەوانان لەسەر ئاستی یانەکان بەڕێوەدەچێت، یانەی زاخۆ دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و مێژووکەی بەرامبەر یانەی قادسیە دووبارەبکاتەوە.
 
ئەمشەو یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی قادسیەی کوێتی یاریی دەکات، یارییەکە کاژێر 20:00 بەڕێوەدەچێت.
 
یانەی زاخۆ دوو رۆژە لە کوێت خۆی بۆ یارییەکە ئامادەدەکات، ئەمە یەکەم یاریی یانەکەیە دوای ئەوەی ویسام رزق لە راهێنەرایەتیی یانەکە دوورخرایەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکە باش خۆی ئامادەکردووە و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاستە بەرز و ئەنجامە باشەکانی بکات لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
بۆ ئەم یارییە میگێل کۆلی، سەرپەرشتی مەشقەکانی یانەی زاخۆ دەکات و وەکو راهێنەر لەسەر هێڵی یاریگە دەبێت، بەر لە یارییەکە راهێنەرە جامایکییەکەی زاخۆ گوتی "ئامادەکاریی باشمان کردووە، خوێندنەوەمان بۆ رکابەرەکەمان کردووە و دەمانەوێت ببینە باشترین یانەی پاڵەوانێتییەکە، قادسیە تیپێکی بەهێزە، بەڵام ئێمە تەنیا نوێنەرایەتیی یانەیەک ناکەین، نوێنەرایەتی هەرێمێک دەکەین، هی هاندەرێک دەکەین کە هەمیشە چاوی لە بردنەوەیە، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بردنەوە."
 
نەبیل مەعلول، راهێنەری یانەی قادسیەی کوێتییە، بەر لە یارییەکە گوتی "زاخۆ تیپێکی بەهێزە و ئەنجامەکانی لە جامی کەنداو زۆرباشن، بەڵام لەو یارییەدا کە ئێمە بەرامبەر ئەوان دۆڕاین شەش یاریزانمان یارییان نەدەکرد، ئەم یارییە تەواو جیاواز دەبێت و جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بکەین."
 
یانەی زاخۆ بە سێ بردنەوە و یەکسانبوونێک بە 10 خاڵ سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە، ئەوەی ئەوان یاریی بۆ دەکەن، ئەوەیە دەیانەوێت زەردەخەنە بگەڕێننەوە سەر رووخساری تیپەکەیان و پارێزگاری لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە بکەن.