ئێمباپێ بیری رۆژانی ئەلۆنسۆ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گۆڵکاری یانەی ریال مەدرید لەگەڵ ئەلڤارۆ ئەربێلوا هەست بەهەمان ئەو ئاسوودەییە ناکات، کە لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆدا هەیبوو.
راپۆرتێکی رادیۆیی لە ئیسپانیا مشتومڕی لە ناوەندەکانی مەدرید دروست کردووە، دوای ئەوەی باسی لە باری دەروونی ئەستێرەی فەرەنسی کیلیان ئێمباپێ و پەیوەندی لەگەڵ دەستەی هونەری ئێستای ریال مەدرید کرد، لەکاتێکدا یاریزانەکە بەردەوامە لە پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز لە گۆڵ تۆمارکردن سەرەڕای گۆڕانی راهێنەری تیپەکە.
ریال مەدرید لە قۆناخێکی راگوزەردایە لەگەڵ راهێنەری کاتی ئەلڤارۆ ئەربێلوا، کە لە دوای رۆیشتنی چابی ئەلۆنسۆ لە مانگی یەکی رابردوودا ئەرکەکەی گرتە ئەستۆ، ئەمەش لەنێوان هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری ژووری جلگۆڕین، بەتایبەت لەگەڵ گوشاری ئەنجامەکان و کێبڕکێ ناوخۆیی و کیشوەرییەکان.
بەرنامەی رادیۆیەکە ئاشکرایکرد کە کیلیان ئێمباپێ هەستی بە دڵخۆشی و ئاسوودەییەکی زیاتر دەکرد لە سەردەمی چابی ئەلۆنسۆ بەراورد بە دۆخی ئێستای لەژێر سەرپەرشتی ئەربێلوا.
ئاماژەیان بەوەش کردووە کە جیاوازییەکە پەیوەندی بە لایەنی هونەری یان گۆڵ تۆمارکردنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە شێوازی بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن لە نێو تیپەکەدا هەیە، کە ئەمەش رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر هەستی یاریزانەکە لە نێو ژووری جلگۆڕیندا.
راپۆرتەکە روونی کردووەتەوە کە ئێمباپێ پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ ئەلۆنسۆ لەو ماوە کورتەدا دروست کردبوو کە سەرپەرشتی تیپەکەی دەکرد، چونکە یاریزانەکە لەڕووی دەروونییەوە زیاتر لەگەڵیدا گونجاو بوو، لەکاتێکدا ئێستا لە قۆناخێکی جیاوازدا دەژی لەگەڵ ئەربێلوا سەرەڕای بەردەوامی درەوشانەوەی لەنێو یاریگەدا.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم جیاوازییە لە شێوازی مامەڵەکردندا بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە ئاستی هێرشبەری ئێمباپێدا دەرناکەوێت، چونکە لە دوایین 6 یارییدا لەژێر سەرپەرشتی ئەربێلوا 9 گۆڵی تۆمارکردووە، هەروەها لەم وەرزەی لالیگادا لە 25 یارییدا 22 گۆڵی تۆمارکردووە، لەگەڵ 7 ئەسیست.