زاخۆ لە کوێت تووشی یەکەم شکست بوو
رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ لە گەڕی 5ـی جامی کەنداو. لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە یانەی قادسیەی کوێتی دۆڕا. ئەمە یەکەم شکستی نوێنەرەکەی کوردستان بوو لەم پاڵەوانێتییەدا، بەڵام سەرەڕای دۆڕانەکە، زاخۆ بە 10 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و گەیشتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە.
ئەم یارییە یەکەم دەرکەوتنی یانەی زاخۆ بوو دوای ئەوەی ویسام رزق لە راهێنەرایەتیی یانەکە دوورخرایەوە. میگێل کۆلی جامایکی وەکو راهێنەر لەسەر هێڵی یاریگە بوو، بەڵام سێ خاڵی یارییەکە بۆ کوێتییەکان بوو.
بەر لە دەستپێکی یارییەکە، میگێل کۆلی ئاماژەی بەوە کردبوو "ئامادەکاریی باشمان کردووە و خوێندنەوەمان بۆ رکابەرەکەمان هەبووە. دەمانەوێت ببینە باشترین یانەی پاڵەوانێتییەکە، چونکە ئێمە نوێنەرایەتی هەرێمێک و هاندەرێک دەکەین هەمیشە چاوی لە بردنەوەیە".
لەلایەکی دیکەوە، نەبیل مەعلول، راهێنەری یانەی قادسیە توانی ئەو بەڵێنە بباتە سەر پێش یارییەکە دابووی. مەعلول گوتبووی "لەو یارییەدا بەرامبەر زاخۆ دۆڕاین 6 یاریزانمان یارییان نەدەکرد، ئەم یارییە تەواو جیاواز دەبێت و جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە".
زاخۆ بەم ئەنجامە یەکەم سێ خاڵی لەدەستدا. یانەکە لە 4 یاریی رابردوودا 3 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەبوو. ئێستا ئامانجی زاخۆ پارێزگاریکردنە لەو ئاستە بەرزەی لە یارییەکانی رابردوودا پێشکێشی کردووە بۆ ئەوەی بە پێشەنگی بگاتە قۆناخی داهاتوو.