ڤیدیۆ؛ پاشا ئامادەیە

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی نەسڕی سعودی بەردەوام بوو لە ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی  خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیا، کە بڕیارە ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی ئیستقلال تارانی ئێرانی ئەنجام بدات.
 
تیپەکەی ستیفانۆ پیۆلی لە یاریی چووندا، کە بەبێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ چووە تاران بە ئەنجامی 0-0 یەکسانبوو و چاوی لەوەیە لەسەر یاریگەی خۆیدا سەرکەوتن بەدەستبێنێت و جێگەی خۆی لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا بکاتەوە.
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا دانی بە سەختی یارییەکەدا نا و داوای لە یاریزانەکانی کردووە بەوپەڕی ئامادەباشی جەستەیی و هزرییەوە بچنە نێو یاریگا.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ هاوڕێکانی مەشق و راهێنانی کرد و چاوەڕوان دەکرێت بگەڕێتەوە پێکهاتەی سەرەکی پیۆلی دوای ئەوەی لە یاریی چووندا بەشداری نەکرد.
 
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی نەسڕ، لەبارەی ئەو یارییەوە گوتی "ئەمانە ئەو یارییە نموونەییانەن کە خەڵک دەڵێن کاری راهێنەر ئاسانە. بەڕاستی یارییەکی گرنگە و یاریزانەکان زۆر پاڵنەریان هەیە. هاندەران هەمووان پشتگیریمان دەکەن. دیارە پێداچوونەوە بە هەڵوێست و هەڵەکانی یاریی چووندا دەکەین. هەندێک بارودۆخ هەبوون کە ئێمە سوودمان لێوەرگرتن، هەندێکی دیکەش کە دەبوو زیاتر وریا بین. بەڵام ئێمە بەباشی ئامادەین".