یانەی شورتە بەتووندی پێشەنگی خولی بالەی نایابی عێراقی گرتووە

رووداو هەولێر 

دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی هەشتی خولی بالەی یانە نایابەکانی عێراق، یانەی شورتە لە پێشەنگی ریزبەندیدایە و دەیەوێت نازناوی وەرزی ئەمساڵ بباتەوە. 
 
یارییەکانی قۆناخی هەشتی خولی نایابی بالەی عێراق بەشێوازی دوو قۆناخ بەڕێوەدەچن، یانەی شورتە لە قۆناخی یەکەمدا توانی سەرجەم یارییەکانی بباتەوە و بەکۆکردنەوەی 21 خاڵ پلەی یەکەمی ریزبەندی بگرێت. 
 
شورتە بەپێکهاتەیەک کە سێ یاریزانی سەرەکی کوردن و پێکهاتوون لە عەبدوڵڵا کەریم، محەممەد کەریم و هاومەند فەتاح لەگەڵ یاریزانێکی پیشەگەری رووسی ململانێیەکی بەهێز دەکات. 
 
محەممەد کەریم، یاریزانی کوردی یانە شورتە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "بێگومان وەرزی ئەمساڵ تیپەکەمان بەهێزە و دەمانەوێت نازناوەکە ببەینەوە، رکابەرییەکان ئاسان نین بەتایبەت لە قۆناخی دووەم، کە چاوەڕوان دەکرێت یانەکان یاریزانی پیشەگەری زیاتر بهێنن و لە ململانێی ئێمەش بەردەوام دەبن".
 
وەرزی ئەمساڵ هەریەک لە یانەکانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی دوو تیپی کوردی بەشداری خولەکەن، یانەی هەولێر وەرزی رابردوو پلەی دووەمی خولەکەی بردەوە و ئێستا بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیدایە، یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش 9 خاڵی هەیە و لە پلەی شەشەمە. 
 
یارییەکان رۆژی چوارشەممە دەستپێدەکەن و بەمشێوەیەن: 
 
میقدادیە - نەینەوا
شورتە - پێشمەرگە 
غازی جنووب - پێشمەرگەی سلێمانی 
دەغارە - مەسافی شیمال
 
وەرزی رابردوو یانەی غازی جنووب کە یانەیەکی شاری بەسرەیە، بۆ جاری هەشتەم لە مێژووی خۆیدا نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی بردەوە.