ئوسترالیا مافی پەنابەریی دایە 5 یاریزانی هەڵبژاردەی ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

ئوسترالیا بەشێوەیەکی فەرمی مافی پەنابەریی دایە پێنج یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران، وەزیری کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەش ئەوەی پشتڕاستکردەوە.
 
تۆنی بێرک، وەزیری کاروباری ناوخۆی ئوسترالیا رایگەیاند، وڵاتەکەی مافی پەنابەریی بەخشیوە بە پێنج ئەندامی تیمی تۆپی پێی خانمانی ئێران کە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی جامی ئاسیا لەو وڵاتە بوون کاتێک جەنگی ئێران دەستی پێکرد.
 
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بە کاتی ناوخۆ، پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیا ئەو ژنانەیان لە هۆتێلەکەیان لە ناوچەی "گۆڵد کۆست"ەوە بۆ "شوێنێکی پارێزراو" گواستەوە. وەزیرەکە دوای چەند کاژێرێک لە برزبێن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند کە لەوێ لەگەڵ بێرک کۆبوونەتەوە و پڕۆسەی ڤیزای مرۆییەکەیان کۆتایی هاتووە.
 
بێرک گوتی: "بە ئەندامانی دیکەی تیپەکە دەڵێم هەمان دەرفەت بۆ ئێوەش هەیە. ئوسترالیا تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێرانی خستووەتە ناو دڵییەوە."
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ژمارەی یاریزانانی تیپەکە نزیکەی 20 ژن بووە. بێرک وردەکاری ئەو هەڕەشانەی ئاشکرا نەکرد کە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئێران رووبەڕووی یاریزانەکان دەبنەوە، بەڵام داواکارییەکانی پەنابەری دوای گوشاری گروپە ئێرانییەکان لە ئوسترالیا و داواکارییەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هات بۆ ئەوەی حکومەتی ئوسترالیا هاوکاری ئەو ژنانە بکات.

 
تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێران مانگی رابردوو و پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران بۆ جامی ئاسیای ژنان گەیشتبوونە ئوسترالیا. تیپەکە دوای سێ دۆڕانی لەسەریەک ماڵئاواییان لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد و دەبووایە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەڵام لەلایەن گرووپە جیاوازەکانەوە رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بوونەوە و لە ئوسترالیاش چەند هاندەرێکی ئێران هێرشیانکردە سەر پاسی هەڵبژاردەکە.
 
پێدانی مافی پەنابەری بۆ مانەوە لە ئوسترالیا، لەکاتێکدایە پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندبوو هەریەکە لە (ئاتەفە ڕەمەزانی زادە، زەهرا سەربەلی، مۆنا حەموودی، فاتمەپاسەندیدە و زەهرا غەنباری) داوای مافی مانەوەیان لەو وڵاتە کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بێرک گوتی "ئەم ژنانە لە ئوسترالیا زۆر خۆشەویستن، بەڵام ئێمە درک بەوە دەکەین کە بەهۆی ئەو بڕیارانەی دەیدەن لە بارودۆخێکی زۆر سەختدان. دەرفەتەکە بۆیان بەردەوام دەبێت کە ئەگەر بویستایە لەگەڵ بەرپرسانی ئوسترالیا قسە بکەن."
 
پێدانی مافی پەنابەری بەو پێنج یاریزانەی هەڵبژاردەی خانمانی ئێران دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، لە پەیامێکدا لە ترۆس سۆشیاڵ رایگەیاند، ئوسترالیا هەڵەیەکی مرۆیی گەورە دەکات ئەگەر رێگەبدات ئەو یاریزانانە بە زۆر بگەڕێندرێنەوە ئێران، چونکە بە ئەگەری زۆرەوە لەوێ دەکوژرێن."

 
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا نووسیوویەتی ""ئەوە مەکە جەنابی سەرۆک وەزیران، مافی پەنابەرییان پێ ببەخشە. ئەگەر ئێوە وەریان نەگرن، ویلایەتە یەکگرتووەکان وەریان دەگرێت. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە."