لێدوانی فەرمیی ئیسپانیا لەبارەی فینالیسیماوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، هەڵبژاردەکەیان ئامادەنییە بۆ یاریی فینالیسیما بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بچێتە قەتەر.
 
رافایێل لوزان، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە لە نوێترین دەرکەوتنیدا رایگەیاند، فیدراسیۆنەکە رەتیدەکاتەوە رۆژی 24ـی ئەم مانگە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ یاریی فینالیسیما بچێتە دەوحەی پایتەختی قەتەر و دووپاتیکردەوە سەلامەتیی یاریزانەکان بەلای ئەوانەوە لە یارییەکە گرنگترە و داوا دەکەن یارییەکە بگوازرێتەوە بۆ ئەورووپا.
 
سەرۆکی فیدراسیۆکە دەڵێت "ژمارەیەک یاریزان و کەسایەتیی وەرزشی ئیسپانیا، لە ریاز گەڕاونەتەوە و دەڵێن دۆخەکە لەوێ مەترسیدارە."
 
ئەم لێدوانەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لەکاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، جەنگ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە و یەکێک لەو وڵاتانەش قەتەرە، کە نزیکەی دوو هەفتەیە سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی راگرتووە.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەریش هەردوو یاریزانی ئیسپانی، خوسێلۆ و خاڤی مارتینێز کە لە قەتەر یاریی دەکەن، بەهۆی دۆخی خراپی ناوچەکەوە وڵاتەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە ئیسپانیا.
 
دوای قسەکانی لوزان، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، هەموو شتێک تەواو یارییەکە قەتەر ناکرێ و چاوەڕواندەکرێت لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا شوێنی ئەنجامدانی یارییەکە یەکلابکرێتەوە.
 
بەشێکی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەگەر فیفا، یۆفا و کۆنمبیۆل یارییەکە نەگوازنەوە شوێنێکی دیکە و هەر لە قەتەر بێت، رەنگە هەڵبژاردەی ئیسپانیا یارییەکە ئەنجامنەدات.
 
یاریی فینالیسیما، رۆژی 27ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، بڕیاردراوە یارییەکە لە یاریگەی لوسێل لە قەتەر بکرێت، بەڵام دوای دروستبوونی جەنگ لە ناوچەکەدا داواکارییەکی زۆر هەیە بۆ گواستنەوەی یارییەکە بۆ ناوچەیەکی ئارامتر، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە نەدراوە.