بارسێلۆنا بەنهێنی کار بۆ گرێبەستێکی نوێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لە ئێستاوە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەرگریکارێکی باڵی چەپ لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا بباتە ریزەکانی، بۆ ئەوەش دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە دەستی بە گەڕان کردووە.
 
بارسێلۆنا راپۆرتی هونەریی وردی ئامادە کردووە و چەند مانگێکە کەناڵەکانی پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێوەبەری یاریزانان کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بژاردەیەک بدۆزێتەوە کە لەگەڵ داخوازییەکانی کارگێڕیی یانەکەدا بگونجێت.
 
هەرچەندە "ئەلێساندرۆ باستۆنی" بەرگریکاری ئینتەر میلان ئەو ناوەیە کە زۆرترین کۆدەنگیی لەسەر لەنێو یانەکەدا، بەڵام نرخە بەرزەکەی وایکردووە گواستنەوەکە زۆر ئاڵۆز بێت.
 
بەپێی رۆژنامەی "سپۆرت"ی ئیسپانی، بارسێلۆنا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە چەند بژاردەیەکی دیکەی گونجاوتر لە بازاڕدا کە بتوانن لە رووی هونەرییەوە سوود بە تیپەکە بگەیەنن و توانای گەشەکردنیشیان هەبێت. لە نێو ئەو ناوانەشدا "رود نیستاد" بەرگریکاری یانەی تڤێنتی هۆڵەندی هەیە. دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا و جواو ئەمارال، سەرۆکی بەشی دۆزەرەوەی یاریزانان دوو جار گەشتیان کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی یاریزانەکە، ئەمەش گرنگیپێدانی یانەکە بەو گرێبەستە نیشان دەدات، بەتایبەت کە راپۆرتە هونەرییەکان زۆر ئەرێنی بوون و وەک بەرگریکارێکی خاوەن توانای جەستەیی و هونەریی ناوازە ناویان بردووە، سەرەڕای ئەوەی تەمەنێکی بچووکی هەیە.
 
یانەی تڤێنتی نرخی فرۆشتنی نیستادی بە نزیکەی 8 ملیۆن یۆرۆ دیاری کردووە، ئەمەش وای لە کارگێڕیی بارسێلۆنا کردووە بڕیار بدات چیدی بەردەوام نەبێت لەو گرێبەستەدا دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنی تەواویان بۆ تێچووەکەی کرد.
 
کارگێڕیی یانەکە پێیوابوو ئەو نرخە زۆرە، بۆیە بڕیاری دا چاوپۆشی لەو هەنگاوە بکات و بەردەوام بێت لە گەڕان بە دوای دۆزینەوەی یاریزانی دیکەدا.
 
یانەی بارسێلۆنا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنەکانی یانەکە و دوای یەکلابوونەوەی کارگێڕیی یانەکە چاوەڕواندەکرێت هەنگاوی زیاتر بۆ گواستنەوەی داهاتوو لە یانەکەدا دەستپێبکەن.