فلیک لەژێر گوشاری پێدریدا سوپرایزی دەبێت

رووداو - دیجیتاڵ

سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا، بە میدیاکانی ئیسپانیایان راگەیاندووە کە هانزی فلیکی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لەژێر گوشاری پێدریدا ئەمشەو سوپرایزێکی لە پێکهاتەکەیدا دەبێت بەرامبەر نیوکاسڵ.
 
پێش یارییە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، پێدری گۆنزالێسی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنا، دەنگۆی لەنێو ژووری جلگۆڕینی یانە کەتەلۆنییەکەدا دروست کردووە و داوای بەشداریپێکردنی مارک بێرناڵ دەکات وەک یاریزانی سەرەکی.
 
پێدری بە هانزی فلیکی راهێنەری راگەیاندووە، کە لێکتێگەیشتنێکی گەورەی لەگەڵ مارک بێرناڵ هەیە و ئەمەش ئازادییەکی زیاتری لە نێوەڕاستی یاریگەدا پێدەبەخشێت بۆ رێکخستنی یارییەکە، بەتایبەت لە ئامادەنەبوونی فرێنکی دی یۆنگ و گاڤی کە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتوونەتەوە.
 
بژاردە سنووردارەکانی بەردەم فلیک
 
پێکانە درێژخایەنەکانی دی یۆنگ و گاڤی، راهێنەرە ئەڵمانییەکەی بلاوگرانایان خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت، کە ئێستا بژاردەکانی بۆ هێڵی ناوەڕاست تەنیا لە مارک بێرناڵی تەمەن 17 ساڵ و مارک کاسادۆدا کورت بووەتەوە، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی کاسادۆ، بێرناڵ بووەتە گونجاوترین و سەلامەتترین بژاردە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نیوکاسڵ.
 
بێرناڵ.. بەهرەمەندەکەی لاماسیا
 
مارک بێرناڵ بەوە ناسراوە کە جگە لە ئەرکەکانی بەرگری، توانایەکی باشی لە چوونە نێو ناوچەی سزای رکابەر و گۆڵ تۆمارکردن هەیە، کە ئەمەش بەرهەمی پەروەردەی ئەکادیمیای لاماسیایە. ئەم تایبەتمەندییانە وایانکردووە پێدری بە پێویستی بزانێت ئەو لاوە لە یارییە گەورەکاندا شانبەشانی یاری بکات.
 
دیدگای پێدری بۆ پێکهاتەکە
 
پێدری گۆنزالێس پێیوایە بە بوونی بێرناڵ و هەماهەنگی لەگەڵ ئێریک گارسیا، تیپەکە دەتوانێت هاوسەنگیی خۆی بپارێزێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە زۆرکردنی یاریزانی هێرشبەری وەک دانی ئۆڵمۆ و فێرمین لۆپێز بێت، ئەمەش بۆ گەرەنتی کردنی باشترین ئەنجام لە یەکێک لە قورسترین یارییەکانی ئەم وەرزەی یانە کەتەلۆنییەکە.