یامال بارسێلۆنای لە دۆڕان رزگار کرد

رووداو دیجیتاڵ

یاریگای 'سانت جێیمس پارک' شایەدی رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاگرینی ئەورووپی بوو لە نێوان نيوکاسڵ یونایتد و بارسێلۆنا، کە بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات لە چوارچێوەی یاریی چوونی قۆناغی 16ـی چامپیۆنزلیگ.
 
یارییەکە بە ریتمێکی خێرا لە لایەن هەردوو تیپەوە دەستی پێکرد و بە جۆرێک کۆتایی هات کە هەموو ئەگەرەکانی بۆ یاریی گەڕانەوە لە کەتەلۆنیا بە کراوەیی هێشتەوە.
 
لە ماوەی 90 خولەکدا، هەردوو تیپ هێرش و هەلی مەترسیداریان گۆڕییەوە، پێش ئەوەی لە خولەکەکانی کۆتاییدا رووداوەکان بە تۆمارکردنی دوو گۆڵی یەک لە دوای یەک، ئەنجامی یارییەکە بۆ 1-1 بگۆڕن.
 
نیوکاسڵ بە پاڵپشتی هاندەرانی بە بەهێزی دەستی بە یارییەکە کرد و لە رێگەی ئەنتۆنی ئیلانگا و ویلیام ئۆسولاوە هەڕەشەیان لەسەر گۆڵی بارسێلۆنا دروست کرد.
 
مەترسیدارترین هەلی گۆڵ لە نیوەی یەکەمدا ئەو کاتە بوو کە دان بێرن خەریک بوو بە هەڵە گۆڵ لە خۆیان بکات.
 
بەو جۆرە نیوەی یەکەم بە یەکسانبوونی بێ گۆڵ کۆتایی هات.
 
لە نیوەی دووەمدا، گوشاری دوولایەنە بەردەوام بوو، نيوکاسڵ خەریک بوو گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکات دوای ئەوەی لێدانەکەی هارڤی بارنز بەر ستوونی گۆڵ کەوت، پاشان جوێلینتۆن تۆپەکەی خستە نێو گۆڵەوە، بەڵام گۆڵەکە بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە.
 
لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی هانزی فلیک و ئێدی هاو، ئاستی یارییەکە لە خولەکەکانی کۆتاییدا بەرزبووەوە، ساتی یەکلاکەرەوە لە خولەکی 86دا هات، کاتێک تۆپەکە گەیشتە هارڤی بارنز، ئەویش خستیە نێو تۆڕی گۆڵەوە و پێشکەوتنی بە نيوکاسڵ بەخشی، ئەمەش بووە هۆی هەژاندنی یاریگای سانت جێیمس پارک.
 
بەڵام خۆشی خاوەن یاریگا زۆری نەخایاند، چونکە بارسێلۆنا لە کاتی زیادکراودا لێدانێکی سزای بەدەستهێنا، لامین یامال ئەرکی جێبەجێکردنی گرتە ئەستۆ و لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراودا بە سەرکەوتوویی تۆماری کرد، بەمەش یەکسانبوونێکی بەنرخی بە ئەنجامی 1-1 بە تیپەکەی بەخشی.
 
ئەنجامەکانی دیکەی چامپیۆنزلیگ:
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید بە ئەنجامی 5-2 لە تۆتێنهامی بردەوە، بەم ئەنجامە ئاتلێتیکۆ پێیەکی خستە قۆناخی 8ـی چامپیۆنزلیگ.
 
لە هەمان کاتدا، بایرن میونشنی ئەڵمانی بە ئەنجامێکی گەورەی 6-1 لە نێو ئیتاڵیا لە ئاتاڵانتای بردەوە، یاریی گەڕانەوە لە ئالیانز ئارینا لە 18ـی ئەم مانگە دەبێت، کە ئەرکێکی ئاسان دەبێت بۆ یانە ئەڵمانییەکە، براوەی ئەم یارییە لە قۆناخی 8 رووبەڕووی براوەی لووتکەی نێوان ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی دەبێتەوە.
 
هەروەها گالاتاسەرای تورکی سەرکەوتنێکی بەنرخی لە یاریگای خۆی بەسەر لیڤەرپوولدا بەدەستهێنا بە ئەنجامی 1-0، هەردوو تیپ لە قۆناخی خولیشدا لە تورکیا بەیەک گەیشتبوون و گالاتاسەرای بە هەمان ئەنجام بردنەوەی بەدەستهێنابوو.
 
ئەنجامەکانی ئەمشەو ململانێی گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگیان گەرمتر کرد، لە کاتێکدا هەندێک لە یانە گەورەکان هەنگاوێکی گەورەیان بەرەو سەرکەوتننا، هەندێکی دیکەیان ئەرکیان بۆ یاریی گەڕانەوە قورستر بوو و دەبێت بۆ مانەوە بجەنگن.