ڤیدیۆ؛ بارسا بە مێژووە بۆ یاریی لووتکە لە سانت جەیمس پارک دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یارییەکانی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەستپێدەکەن، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی یاریی دەکات.
 
یارییەکە کاژێر 23:00 لە یاریگەی سانت جەیمس پارک بەڕێوەدەچێت و یاریی چوونە، هەردوو تیپ خۆیان بۆ رکابەرییەکی سەرنجڕاکێش ئامادەکردووە و چاویان لەوەیە هەنگاوی یەکەم بەرەو قۆناخی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بنێنن.
 
بارسێلۆنا بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە نیوکاسڵ، شەوی دووشەممە لە سانت جەیمس پارک دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و تیپەکە بۆ ئەم رووبەڕوبوونەوەیە ئامادەیە.
 
ئەوانەی لە یارییەکە یاریی ناکەن، ئەلیخاندرۆ باڵدێ، ژول کوندێ و فرێنکی دی یۆنگن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بلاوگرانا دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا لە یاریگەی خۆی ئەرکی ئاسانتر بێت بۆ گەیشتن بە قۆناخی هەشت.
 
بارسا لە دوایین 16 یارییدا لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یانەکانی ئینگلتەرا، 12 یاریی بردووەتەوە، لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگیشدا ئامارەکانی سەرنجڕاکێشن و لە دوایین 16 جار کە یانەکە چووبێتە قۆناخی شازدە، تیپەکە 15 جار قۆناخەکەی تێپەڕاندووە و لە دوایین 5 یاریی قۆناخەکانی کرانە دەرەوەدا لە یانەکانی ئینگلتەرای بردووەتەوە.
 
جگە لەوەش بارسێلۆنا وەکو پێشەنگی ریزبەندی لالیگا چووەتە نیوکاسڵ، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لەسەر ئاستی ناوخۆ بردنەوەیەکی زەحمەتی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو تۆمارکرد.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی نیوکاسڵ، میوانداری یارییەکە لە دۆخێکی زۆرباشدا نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە جامی ئینگلتەرا کرایە دەرەوە و 3-1 بەرامبەر مانچێستەر سیتی دۆڕا، جگە لەوەش لە دوایین 5 یارییدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا یانەکە 3 یاریی دۆڕاندووە، لەسەر ئاستی پرێمەرلیگیش تیپەکە لە پلەی دوازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
بۆ یارییەکەی ئەمشەو هەریەکە برونۆ گیمارێش، لویس میلێ، فابیان شار و ئیمێل کراس بەهۆی پێکانەوە لە دەرەوەی پلانەکانی ئیدی هاو دەبن.
 
ئەوەی بۆ بارسێلۆنا زەحمەتە ئەوەیە، نیوکاسڵ لە دوایین 10 جار کە لە قۆناخی کرانە دەرەوەدا یاریی کردبێت 8 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە دوایین 32 یاریی قۆناخەکانی کرانە دەرەوەشدا لە یاریگەی خۆی تەنیا 2 جار دۆڕاوە.
 
یانە ئینگلیزییەکە لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەکانی ئیسپانیا خاوەنی مێژووییەکی باشە، لە 8 یارییدا 5 سەرکەوتنی هەیە و دەیەوێت بەرامبەر بارسێلۆناش بردنەوە تۆماربکات، بەر لەوەی بۆ یاریی گەڕانەوە بچێتە ئیسپانیا.
 
نیوکاسڵ و بارسێلۆنا 5 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، بارسێلۆنا چوار یاریی بردووەتەوە و لە یارییەکدا نیوکاسڵ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.