هەڵبژاردەی عێراق چۆن گەشتی مەکسیک دەکات؟
رووداو دیجیتال
یەکێتیی تۆپێی عێراق هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و هەنگاوەکانی وەرگرتنی ڤیزا بۆ شاندەکەیان دەستپێکردووە، بەڵام شەڕ و بارگرژییەکانی ناوچەکە بووەتە گرفتێکی گەورە بۆیان.
رۆژی 31ـی ئەم مانگە لە پاشکۆی جیهان بۆ گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی عێراق یارییەکی چارەنووسساز ئەنجام دەدات، عێراق یاریی لەگەڵ براوەی یاریی بۆلیڤیا و سۆرینام دەکات و یارییەک کە زیاتر لە 40 ساڵە خەڵکی عێراق چاوەڕێی دەکەن و هەموو چاوەکانی لەسەرە بۆ ئەوەی بۆ دووەمجار لە مێژوو بگەنە مۆندیال.
یارییەکانی پاشکۆی جیهان لە شاری مۆنتێرۆی مەکسیک بەڕێوەدەچن.
عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کە خۆی ئەستێرەیەکی مۆندیالییە و لە 1986 ئەوکاتەی عێراق بۆ یەکەمجار بەشداریی یارییەکانی مۆندیالی کرد، سەرۆکی ئیستای یەکێتییەکە یەکێک بووە لە ئەستێرەکانی ئەوکاتی هەڵبژاردەکە، دەیەوێت سەرکردایەتی عێراق بکات لە گەیشتن بە مۆندیال، بەڵام شەڕی ئیسرائیل - ئەمریکا و ئێران کێشەیەکی زۆری بۆ دروستکردووە.
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بەردەوام سەیری ئاستی ئەستێرە عێراقییەکان لە خول و پاڵەوانێتییەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەکات، بۆ سەیرکردنی ئاستی هەریەک لە عەلی جاسم و ئیبراهیم بایش کە دوو ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراقن، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گەشتی ئیماراتی کرد، شەر دەستیپێکرد و گراهام ئارنۆڵد لە شاری دوبەی گیری خواردووە. یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەدوای دەرچەیەکی خێرا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئارنۆڵد لەڕێگای وشکانییەوە بگەڕێنێتەوە شاری بەغدا.
بەپێی ئەو پلانەی داندرابوو هەڵبژاردەی عێراق دەبووایە بەر لە یارییەکانی پاشکۆی جیهان بۆ گەیشتن بە مۆندیال، کەمپی راهێنان بکاتەوە، بەڵام ئێستا پلانەکان گۆڕاون و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەیەوێت بەزووترین کات ڤیزای وڵاتی مەکسیک وەربگرن.
دوێنێ دووشەممەی هەواڵێک لە میدیاکانی عێراق بڵاوەبوەوە کە گوایە پاسپۆرتی سەرۆک و ئەندامەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رادەستی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کراوە بۆ وەرگرتنی ڤیزا، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەواڵەکە بەدوور لە راستی دەزانێت.
غالب زاملی، ئەندامی یەکێتییەکە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "پاسپۆرتی سەرۆک و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێ لەبەردەستیاندایە و نەخراوەتە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بۆ وەرگرتنی ڤیزا بۆ ئەمریکا بۆ یاوەریکردنی شاندی هەڵبژاردەی عێراق بۆ کەمپی مەشق و راهێنانەکانیان".
ئێستا یەکێتیی تۆپی پێی عێراق نوێنەری خۆی بۆ مەکسیک ناردووە بۆ ئەوەی ئامادەکاریی شوێنی حەوانەوە و یاریگە و کارئاسانییەکانیان بۆ جێبەجێ بکات، گەشتی هەڵبژاردەی عێراق چاوەڕواندەکرێت کاتێکی زۆر بخایەنێت، لەبەرئەوەی گەشتی ئاسمانی لە ناوچەکە داخراوە و دەبێت تیپەکە لە تورکیا یان سعودیە گەشتی مەکسیک بکات.
زاملی ئاماژەی بەوەشکرد "دوای هەڵوەشاندنەوەی کەمپی مەشق و راهێنان کە بڕیاربوو لە شاری هیوستن بەڕێوەبچێت، نەمانتوانی پلانەکە جێبەجێ بکەین، پێم سەیرە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن زانیاری نا دروست بڵاودەکەنەوە".
بڕیارە هەڵبژاردەی عێراق یان لە تورکیا یان وڵاتێکی دیکەی نزیکی عێراق داواکاریی ڤیزای شاندەکە پێشکەشی وڵاتی مەکسیک بکات، چونکە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە شاری بەغدا نییە.