جەنگ و مۆندیال؛ ئاسمانی داخراوی بەغدا خەونی عێراقییەکان دەخاتە مەترسییەوە
رووداو دیجیتاڵ
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "ئەگەر یارییەکەما لە پاشکۆی مۆندیالدا لە مەکسیک بکرێت رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبینەوە."
لە کاتێکدا 31ـی ئەم مانگە هەڵبژاردەی عێراق لە یاریی پاشکۆی مۆندیالدا بەرامبەر یەکێک لە هەڵبژاردەکانی بۆلیڤیا و سورینام یاریی دەکات، هێشتا چارەنووسی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەو یارییە بەتەواوی دیارنییە، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی جەنگەوە گەشتە ئاسمانییەکان قەدەخەکران و ئەمڕۆش جارێکی دیکە داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ 72 کاژێری دیکە درێژکرایەوە.
گراهام ئارنۆڵد پێش دەستپێکردنی جەنگەوە چووەتە ئیمارات، تاوەکو ئێستا لەوێ گیریخواردووە و نەگەڕاوەتەوە بەغدا بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەو یارییە و دیارنییە کەی دەگەڕێتەوە.
راهێنەری هەڵبژاردەکە لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت "کاتێک لە هەر کارێکدا کە لە ژیاندا دەیکەیت سەرکەوتن بەدەست دەهێنیت، ئەوە پێویستی بە پلانداڕێژی و ئامادەکارییەکی زۆر هەیە، بەڵام ئێستا ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین. ئەگەر یارییەکە لە مەکسیک بێت، ئێمە کێشەی گەورەمان دەبێت بۆ دەرچوون لە بەغدا. نزیکەی 60٪ی یاریزانەکانم لە ناو عێراق یاری دەکەن، هەموو ئەندامانی تیمی یاریدەدەر لە عێراق دەژین، تیمی پزیشکیش لە قەتەر دەژین و ئێستا رووبەڕووی زەحمەتی دەبینەوە لە وەرگرتنی ڤیزای مەکسیک."
گراهام زیاتر گوتی "پلانی یەکەمم پێش هەموو ئەمانە ئەوە بوو کە کەمپێکی مەشقی بچووک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەینەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ جیاوازی کات و کەشوهەوا و بارودۆخی ئەوێ رابێین. بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە هەڵوەشێنرانەوە و کەمپە ئامادەکارییەکە هەڵوەشایەوە چونکە ناتوانین لە بەغدا بچینە دەرەوە."
ئارنۆڵد هێشتا لەبارەی دۆخی تیپەکەوە قسەیکرد و گوتی "پێموایە دەبێت فیفا بڕیارێکی خێرا لەم بارەیەوە بدات، چونکە بارودۆخی ئێستا کەمێک نادادپەروەرانەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستەنگانەی کە دەبێت پێیدا تێپەڕین. ئەگەر نەتوانین بگەین، ئەوا با سورینام بەرامبەر بۆلیڤیا یاری بکات. ئێمەش دەتوانین راستەوخۆ پێش دەستپێکردنی مۆندیال لە ئەمریکا بەرامبەر براوەکە یاری بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بە دروستی ئامادەکاری بکەین و هەموو ئەوانە بکەین کە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن پێویستن. من تەنیا سەرنجم لەسەر تیپەکەمانە. سەرنجم لەسەر یارییەکەیە بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی یاریزانەکان و هەموو وردەکارییەکان، بەڵام ئەو ئاڵۆزییانەی ئێستا هەن پرۆسەی ئامادەکاری زۆر قورس دەکەن."
گراهام ئارنۆڵد دەڵێت "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی فیفا زۆر باش بووە، هەروەها لەگەڵ یەکێتییەکەش، ئێمە هەنگاو بە هەنگاو و رۆژ بە رۆژ مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە دەکەین. بابەتەکە پڕە لە گوشار و راڕایی، زۆر شەو بێخەو بووین کاتێک هەوڵمان دەدا بە دروستی پلان دابنێین. بەڵام زۆر قورسە ئەوە ئەنجامبدرێت لە کاتێکدا ئاسمانی بەغدا، کە زۆرێک لە یاریزانەکان و ئەندامانی تیمی مەشقی لێیە، تاوەکو یەکی نیسان ناکرێتەوە."
هەرچەند راهێنەری عێراق داوای لە فیفا کردووە یارییەکەیان دوابخرێت، بەڵام فیفا داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە و سوورە لەسەر ئەوەی یارییەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە مەکسیک ئەنجامبدرێت.