ئێمباپێ بڕیارێکی قورس دەدات

رووداو - دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بڕیارێکی قورس دەدات و چیدی سەرکێشی ناکات بۆ یانەکەی لەپێناو بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا.
 
بەگوێرەی هەواڵێکی میدیاکانی فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێ سوورە لەسەر بەشداریکردن و بردنەوەی مۆندیال، بۆیە بڕیاری داوە چیدی سەرکێشی بە ئەژنۆی نەکات.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، یاریزانەکە بەتەواوی لەوە تێدەگات کە هەر پێکانێکی دیکە لەوانەیە رێگری بکات لە بەشداریکردنی لە مۆندیال، کە دەبێتە سێیەمین مۆندیال بۆ ئەو.
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە کیلیان ئێمباپێ، هەفتەی رابردوو ئەستێرە فەرەنسییەکە رایگەیاندووە "بەسە، ئیدی سەرکێشی ناکەم. دەمەوێت بەشداری لە مۆندیالدا بکەم". 
 
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "ئەو سەرکێشی ناکات و لە کاتی ئازاردا یاری ناکات، چونکە بۆی دەرکەوتووە کە ئەمە مەترسیدارە بۆ هەموو کاروانی پیشەیی خۆی. هەروەها ئێمباپێ لەوە تێگەیشتووە کە سەرکێشیکردنی زیاتر لەوانەیە ببێتە هۆکاری بێبەشکردنی لە مۆندیال".
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایکرد کە کیلیان ئێمباپێ پێشتر دوو مانگ بەپێکانەوە یاری کردووە و ئێستاش کە بەو هۆکارەوە دوورکەوتووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی گەڕاوەتەوە مەشقەکانی ریال مەدرید، بەڵام ئامادە نییە بۆ یاریکردن.
 
وەک ئەوەی یەکێک لە نزیکەکانی رایگەیاندووە "کیلیان بەشداری لە دوو یاریی یەکلاکەرەوە بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ ناکات، چونکە ئامانجی لەپێشینەی ئێستای چاکبوونەوەیە بەتەواوی لە پیکانەکەی".
 
کیلیان ئێمباپێ پێشتر لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەشداری لە دوو مۆندیالدا کردووە و لە 2018 توانیویەتی جامی جیهانی بەرزبکاتەوە و لە 2022ـش گەیشتە یاریی کۆتایی، بەڵام بەرامبەر ئەرجەنتین دووڕاو بووە دووەمی جیهان، ئەو دەیەوێت ئەمجارەش سەرکردایەتی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان بکات بۆ رکابەریکردن لەسەر مۆندیالێکی دیکە.