کۆمان چۆن باسی کلاسیکۆ دەکات؟
رووداو دیجیتال
رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، ئامادەباشی تیپەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە یاریی کلاسیکۆدا نیشاندا و گوتیشی "یاریکردن لەسەر یاریگەی ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ بۆ ئێمە کێشە نییە".
ئەمشەو لە گەڕی 30ـی لالیگادا، ریال مەدرید کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان لە یاریی کلاسیکۆدا لەسەر یاریگەی ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ، میوانداری یانەی بارسێلۆنا دەکات.
رۆناڵد کۆمان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، گوتی "تیپەکەمان متمانەی بەخۆیە، دەزانین کە یارییەکی زۆر جوان دەبێت بەرامبەر یانەی ریال مەدرید، کە ئەویش پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، یارییەکە گرنگە".
راهێنەری بارسا، گوتیشی "ئەنجامەکە یەکلاکەرەوە نییە بۆ نازناوەکە، چونکە لەدوای ئەم یارییە هێشتا یاری زۆر ماوە، بەڵام ساتەکە گرنگە و ئەو تیپەی دەیباتەوە ورەیەکی بەرزی دەبێت بۆ بەردەوامبوون".
راهێنەری هۆڵەندی، لە بەردەوامی قسەکانیدا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هەردوو یاریزانەکەی، پیکێ و سێرجی رۆبێرتۆ یاریزانی گرنگن، نەک تەنیا بەهۆی کوالیتیانەوە، بەڵکو لەسەر ئاستی جەستەیی باشن و بەپەرۆشن بۆ یارمەتیدانی تیپەکە، گرنگە هەموو یاریزانەکان ئامادەی ئەم یارییە بن".
سەبارەت بە قسەکانی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، لەبارەی یاریگەی ئەلفرێدۆ دیستێفانۆ، کە گوتی یاریگەیەکی نامۆیە؟ کۆمان گوتی "دەیەوێت ناوبانگی تیپێکی گەورەی وەک ریال مەدرید بشێوێنێت".
هەروەها گوتیشی "ریال مەدرید بەهۆی ئامادەنەبوونی هاندەران ئەم کاتەی هەڵبژاردووە بۆ ئەنجامدانی کاری نوێکردنەوە لە بێرنابیۆ، دەبێت رکابەرەکانی لەو یاریگەیەدا یاری بکەن، ئەمەش بۆ ئێمە کێشەیەکی گرنگ نییە".
لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی جێرارد پێکێ لەو یارییەدا، راهێنەری بارسا، گوتی "ئەوە پەیوەستە بە یارییەکەوە، دەبێت یاریزان لەسەر ئاستی جەستەیی و دەروونی بەتەواوی ئامادەبێت، هەندێک یاریزان گرنگترن لەبەرئەوەی سەرکردەن، من 11 یاریزانی یەکەم دادەنێم بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش بەدەستبێنین".
هەروەها گوتیشی "کلاسیکۆ یارییەکی جیاوازە، ئێمە تێدەکۆشین بۆ بردنەوەی لالیگا، ریال مەدرید رەخنەی زۆری لێگیراوە، بەڵام من لەگەڵ ئەو کەسانە نیم کە رەخنەی زۆریان لێگرتووە، چونکە ریال مەدرید یاریزانی گەورەی هەیە، تیپەکە خاوەن توانایەکی جەستەیی و مەعنەوی باشە، هەلی بردنەوەی کلاسیکۆیان هەیە".
ئەو زیاتر گوتی "ریال مەدرید دەتوانێت بە چەند شێوەیەک یاری بکات، بەڵام دەبێت جەخت لەسەر کارەکانمان بکەینەوە و بە هەموو شێوەیەک گوشار لەسەر بەرامبەر دروست بکەین".
هەروەها سەبارەت بە فرێنکی دی یۆنگیش، گوتی "دی یۆنگ دەتوانێت وەک یاریزانی هێڵی ناوەڕاست یان دڵی بەرگری یاری بکات، لەگەڵ یاریزانانیش قسە دەکەم ئینجا بڕیار لەسەر ئەوە دەدەم کە چی دەکەین".
راهێنەری بارسێلۆنا باسی پێکانی سێرخیۆ رامۆس و رافایێل ڤارانیشی کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوان دوو یاریزانی گرنگن بۆ ریال مەدرید، بەڵام ئەوانیش پێکانی گرنگیان هەیە و گوتی "جێرارد پیکێ و سێرجیۆ رۆبێرتۆش ماوەیەکی زۆرە دیارنین، هەروەها ئانسۆ فاتی و کۆتینیۆ دوورکەوتوونەتەوە".
لە کۆتاییدا، کۆمان کە گۆڕینی ناوبژیوانی یارییەکەی بەلاییەوە گرنگ نەبوو، باسی لیۆنێل مێسیشی کرد و گوتی "هیوادارم مێسی بۆ ئێمە یەکلاکەرەوە بێت و پێویستمان بەوەیە ئەو یەکێک لە باشترین یارییەکانی ئەنجام بدات، بەڵکو پێویستیمان بە بارسێلۆنایەکی باشیش هەیە".