مێسی بە ریمۆنتادا ئینتەرمەیامی گەیاندە چوارگۆشەی زێڕینی جامی پاڵەوانانی کۆنکاکاف
رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی سەرکردایەتی تیپەکەی ئینتەرمەیامی کرد بۆ گەڕانەوەیەکی سەرسوڕهێنەر و ئەنجامدانی ریمۆنتادا بەسەر لۆس ئەنجلۆس و گەیشتن بە قۆناخی پێش کۆتایی جامی پاڵەوانانی کۆنکاکاف.
ئینتەرمەیامی دوای ئەوەی لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە لۆس ئەنجلۆس دۆڕا، لە یاریی گەڕانەوەدا لەسەر یاریگای خۆیدا میوانداریی کرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێیبردەوە، کە تێیدا لیۆنێل مێسی بەئاستێکی بەرز رۆڵی سەرەکی بینی لە سەرکەوتنی ئینتەرمەیامی.
ئارۆن لۆنگی یاریزانی یانەی لۆس ئەنجلۆس دوای تەنیا 10 خولەک مێسی و هاوڕێکانی شۆک کرد و گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
مێسی هەرزوو و بەخێرایی گۆڵی یەکسانکردنەوەی بەشێوەیەکی نایاب تۆمارکرد، کاتێک لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵی هوگۆ لۆریێسی گۆڵپارێزی فەرەنسی کرد و تۆڕی گۆڵەکەی هەژاند.
لە خولەکی 61 فێدریکۆ ریدۆندۆ تۆپێکی بەرزی ناردە نێو ناوچەی سزای لۆس ئەنجلۆس و بەرگریکار نوح ئالن بەسەر گۆڵی دووەمی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد.
مێسی و هاوڕێکانی بەوەندە نەوەستان و لە ساتی یەکلاکەرەوەی یارییەکەدا و لە خولەکی 84ـدا لێدانێکی سزایان بەدەستهێنا و لیۆ سەرکەوتووانە گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی تۆمارکرد، کە گۆڵی سەرکەوتن بوو بۆ قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەونێتییەکە.
ئەو گۆڵەی مێسی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022ـی قەتەری بەبیری هەمووان هێنایەوە، کە لە یارییەکەدا بەهەمانشێوە و بەرامبەر هەمان گۆڵپارێز گۆڵێکی هاوشێوەی لە لۆریێس تۆمارکرد.
مێسی کە بە 'پیاوی یاری'ـەکە دەستنیشانکرا، لەم وەرزەدا لەگەڵ ئینتەرمەیامی لە یەکەم 9 یارییدا 8 گۆڵی تۆمارکردووە و 3 ئەسیستیشی هەیە، بەمەش کۆی گشتی گۆڵەکانی لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا گەیاندە 858 گۆڵ.