تیپێکی پەبجی کوردستانی، لە ئۆزبەکستان بەشداری پاڵەوانێتییەکی جیهانی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
تیپی ئایکورد، کە لە کۆمەڵێک گەیمەری کورد پێکدێت، دوای سەرکەوتنیان بۆ پاڵەوانێتیی جیهانی ( پی ئێم جی ئۆ)، گەیشتنە ئۆزبەکستان بۆ ئەنجامدانی یارییەکانیان.
تیپی ئایکورد، تیپێکی یاریی پەبجییە و لە چەند گەیمەرێکی کورد پێکدێت، ئەو گەیمەرانە بە توانا بەرزەکانیان توانیان لە پاڵاوتنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پلەی یەکەم بەدەستبهێنن و سەربکەون بۆ قۆناخیی کۆتایی پاڵەوانێتیی جیهانی یاریی پەبجی کە لە ئۆزبەکستان ئەنجامدەدرێت.
رۆژی 7/4/2025، گەیمەرەکانی ئایکورد گەیشتنە تەشقەند، پایتەختی ئۆزبەکستان و ئامادەکارییەکانیان دەستپێکرد بۆ بەشداربوون لەو پاڵەوانێتییە جیهانییە.
گەیمەرەکانی ئایکورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستانەوە پەیوەندییان بەو تیپەوە کردووە:
سەرپەرشتیاری تیپ، ئادەم رزگار: ئاکرێ
سەرۆکی تیپ، کاوان رەجەب : ئاکرێ
یاریزانە سەرەکییەکانی تیپەکە:
عەلیکۆ : زاخۆ
عەلی : هەولێر
ئەژی : سۆران
هیوا کەلاری : کەلار
کۆی گشتی خەڵاتەکانی ئەو پاڵەوانێتییە جیهانییە دەگاتە 409 هەزار دۆلار، پاڵەوانێتییەکە رۆژی 10/4/2025 دەستپێدەکات، باشترینەکانی جیهان لەوێ دەبن و چاوی زۆربەی گەیمەرانی جیهانی لەسەر دەبێت.
عەلی سامی، بەڕێوبەری تیپی ئایکورد بە رووداوی گوت "گەشتی تیپەکەمان بۆ ئۆزبەکستان لەسەر توانای یاریزانەکانمان بووە و هیج پشتگیرییەکمان نەبووە"
تیپی ئایکورد، پێشتر لە ساڵی 2023 بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکی جیهانی کرد کە لە سعودیە ئەنجامدرا.