قادسیە بۆ یاریی گەڕانەوەی بەرامبەر دهۆک 6 رۆژ لە کوردستان دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی قادسیەی کوێتی، بۆ یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی 6 رۆژ لە هەرێمی کوردستان دەبێت و دەیەوێت رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات.
 
دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر لە یاریی چووندا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لەگەڵ یانەی دهۆک بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، یانەی قادسیەی کوێتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەگاتە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دوای ئەوەش راستەوخۆ دەچێتە دهۆک.
 
بەپێی ئەو راگەیێنراوەی یانەی قادسیە بڵاویکردووەتەوە، یانەکە رۆژی پێنجشەممە دەگات و رۆژی هەینی ئامادەکارییەکانی دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی دووشەممە لە مەشقکردن بەردەوامدەبێت، هەمان رۆژیش ژیلیکۆ پێترۆڤیچ، راهێنەری یانەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی دەبێت لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکانی یانەکە بۆ ئەو یارییە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو یانەی قادسیە لە یەکێک لە باشترین هۆتێلەکانی شاری دهۆک دەمێنێتەوە و تەنیا پێنج خولەک لە یاریگەی دهۆکەوە دوورە، یانەکە داوایکردووە مەشق و ئامادەکارییەکانی لە یاریگەی سەرەکی یانەی دهۆک بکات، بەڵام یانەی دهۆک بە داواکارییەکە رازی نەبووە و تاوەکو رۆژێک بەر لە یارییەکە یانە کوێتییەکە لە یاریگەی دووەمی دهۆک ئامادەکاری بۆ ئەو یارییە دەکات.
 
رۆژی سێشەممەی داهاتوو، یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی کەنداو کاژێر 19:45 لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، یانەی دهۆک لەبەردەم هەلێکی گەورە و مێژووییدایە بۆ ئەوەی وەکو یەکەم یانە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق نازناوی جامەکە بباتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە دوای ئەنجامدانی یاریی کۆتایی جامی کەنداو، یانەی قادسیە دەگەڕێتەوە کوێت.
 
یانە کوێتییەکە بە گرنگییەوە دەڕوانێتە یارییەکە و سەرەڕای ئەوەی دەزانێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەرکی ئاسان نابێت، چاوی لە بردنەوەی نازناوەکەیە، ژیلیکۆ پێترۆڤیچ، راهێنەری قادسیە بە رووداوی گوت "یارییەکەمان بەرامبەر دهۆک زۆر قورس دەبێت، رەنگە یاریزانەکانم ئەوە نەزانن، بەڵام ئەرکمان لە دهۆک زەحمەت دەبێت."