ریال مەدرید یەکسانبوو و زیاتر لە نازناوی لالیگا دوورکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید بەردەوامە لە لەدەستدانی خاڵەکان لەلالیگا، دوای ئەوەی تووشی یەکسانبوونێکی نائومێدکەر بوو، ئەوەش لە بەرامبەر جیرۆنای میوانی بە ئەنجامی 1-1 لە گەڕی 31ـی خولەکەدا.
 
ریال مەدرید بە ئامانجی دوورکەوتنەوە لە سێیەم ئەنجامی خراپی لەسەریەک چووە نێو یارییەکەوە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، دوای دوو شکستی پێشوو، یەکەمیان بەرامبەر ریال مایۆرکا لە لالیگا، دووەمیان بەرامبەر بایرن میونشن، سێشەممەی رابردوو لە چامپیۆنزلیگ.
 
وێڕای پێشکەوتنی لە سەرەتای نیوەی دووەمدا بە گۆڵێکی فێدریکۆ ڤاڵڤێردی، بەڵام تۆماس لەیماری لە خولەکی 62دا خۆشییەکەی لە مەدریدییەکان تێکدا کاتێک گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد، بەمەش تیپەکەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا ناچار کرا تاڵاوی نائومێدییەکی نوێ بچێژێت کە رەنگە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکەی پێش کۆتایی وەرز.
 
ئەنجامی یەکسانبوون تاوەکو کۆتایی بەردەوام بوو سەرەڕای ئەو هێرشە بەهێزانەی یاریزانانی ریال مەدرید لە خولەکەکانی کۆتاییدا لە رێگەی کیلیان ئێمباپێ، ڤینیسیۆس، جود بێلینگهام و چوامینییەوە ئەنجامیاندا.
 
ریال مەدرید کۆی خاڵەکانی گەیاندە 70 خاڵ لە پلەی دووەم، بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا رەنگە بگاتە 9 خاڵ ئەگەر بارسا یارییەکەی بەرامبەر بە ئیسپانیۆل بباتەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە چانسەکانی بۆ کێبڕکێی نازناوی لالیگا بە رێژەیەکی زۆر کەمی کردووە.
 
لە بەرامبەردا، جیرۆنا خاڵەکانی گەیاندە 38 خاڵ لە پلەی 12 دادێت.