ناوی یەکەم قوربانیی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
ناوی یەکەم قوربانیی چابی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید ئاشکرابوو، یانەکە لەسەر داوای راهێنەری داهاتووی، "پیاوە بەهێزەکە" لە کارەکەی دووردەخاتەوە، کە ئەنتۆنیۆ پینتوسی راهێنەری توانای جەستەیی یانەکەیە.
ریال مەدرید لە 25ـی ئایاردا ماڵئاوایی لە راهێنەرە ئەفسانەییەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی دەکات، بەڵام لە ئێستاوە ئاماژەکانی سەردەمێکی نوێ بەسەرکردایەتی چابی ئەلۆنسۆ دەردەکەون و "پیاوە بەهێزەکە" دەبێتە یەکەم قوربانیی راهێنەرە نوێیەکەی ریال مەدرید.
کارلۆ ئەنچێلۆتی دەبێتە لاپەڕەیەکی درەوشاوە لە مێژووی یانەکەدا، کە سەرکردایەتی تیپەکەی کردووە بۆ بەدەستهێنانی 15 نازناو، لەنێویاندا سێ نازناوی چامپیۆنزلیگ و دوو نازناوی لالیگا، بەمەش دەبێتە سەرکەوتووترین راهێنەر لە مێژووی ریال مەدریددا.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزەکە، ئەنچێلۆتی و ریال مەدرید رێککەوتوون لەسەر جیابوونەوەیەکی دۆستانە، لەکاتێکدا راهێنەرە ئیتاڵییەکە ئامادەکاری دەکات بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ مۆندیالی 2026.
چابی ئەلۆنسۆ شۆڕشێکی بێدەنگ دەست پێدەکات
ئەلۆنسۆ کە دوای تۆمارکردنی مێژوویەکی سەرکەوتوو لەگەڵ بایەرلیڤەرکوزن دەگەڕێتەوە ماڵە کۆنەکەی، گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ ماوەی سێ ساڵ واژۆ دەکات.
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، ئەلۆنسۆ پێیوایە گۆڕانکاری ریشەیی پێویست نییە، بەڵام دەیەوێت خوێنی تازە بخاتە ناو ستافی راهێنەرایەتی و ئاستی هەندێک ئەستێرەی وەک ڤینیسیۆس، ئێمباپێ و بێلینگهام بەرزبکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکەم قوربانی "خوێنی نوێ"، "پیاوە بەهێزەکە" بووە لە ستافی تەکنیکی، ئەنتۆنیۆ پینتوس، ئەفسەری ئامادەکاری جەستەیی، کە یانەکە بڕیاریداوە دەستبەرداری بێت وەک ئامادەکارییەک بۆ هاتنی ستافی ئەلۆنسۆ.
بڕیارە چاوەڕواننەکراوەکە ئەنتۆنیۆ پینتوسی راهێنەری بەنێوبانگی توانای جەستەیی یانەکەی لەخۆگرتووە، هەرچەندە ئەو بەشێک نییە لە ستافی ئەنچێلۆتی بەڵکو کارمەندێکی هەمیشەیی یانەکەیە.
ریال مەدرید پێیوایە لەم وەرزەدا پێوەرەکانی توانای جەستەیی یاریزانەکانی جێگەی رەزامەندی نەبوون، ئەلۆنسۆش حەزدەکات راهێنەرێکی نوێی توانای جەستەیی بهێنێت، کە زیاتر لەگەڵ شێوازە مۆدێرنەکانیدا بگونجێت. بەم قسەیە پینتۆس دەبێتە یەکەم کەس لە ستافی تەکنیکی ئێستا کە دەبێت ریال مەدرید جێیبهێڵێت.
تیمی ئەلۆنسۆ دەگەن
سێباس بارێلا، دەستی راستی ئەلۆنسۆ لە رۆژانی ئەکادیمیاوە، سەرکردایەتی تیمی تەکنیکی ئەلۆنسۆ و ئامادەکارییە جەستەییەکان دەکات، بە هاوکاری ئەلبێرتۆ ئێنسیناس کە پێشتر ئەزموونی لەگەڵ بارسیلۆنا و چەند یانەیەکی ئەورووپی هەیە.
لەکاتێکدا یانەکە لویس لۆپێز وەک راهێنەری گۆڵپارێزان دەهێڵێتەوە بەهۆی بەسەربردنی دوو ئەزموون لەگەڵ ئەنچێلۆتی و ئەلۆنسۆ.