ڤیدیۆ؛ خانمانی کوردستان یاریی ئۆڵتیمەت فریسبیی ئەمریکی دەکەن
رووداو هەولێر
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، پاڵەوانێتییەکی تایبەت بەخانمان لە یاریی ئۆڵتیمەت فریسبی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
سۆما رۆستەمی، خانمە ئەندازیارێکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ساڵێکە خولیای بووەتە یاری ئۆڵتیمەت فریسبی، لەگەڵ هاوڕێکانی هاتبوو بۆ بەشداریکردن لە یەکەم پاڵەوانێتیی خانمانی کوردستان لە شاری هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو رایگەیاند "هەستم زۆر خۆشە وەک خانمێکی رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵێکە ئەو یارییە دەکەم و ئێستاش لە ریزی کەسانێکم کە یەکەمین لە ئەنجامدانی یارییەکە و پاڵەوانێتییەکی تایبەت بە خانمان لە شاری هەولێر".
یاریی ئۆڵتیمەت فریسبی، یارییەکی ئەمریکییە لەنێوان دوو تیپ ئەنجامدەدرێت کە هەر تیپێک بە حەوت یاریزان دێنە نێو گۆڕەپانێکی چیمەن رێژ کە درێژییەکەی شەست و چوار سانتیمەترە و پانییەکەی سی و حەوت مەترە، لە ماوەی دوو گێمی سی خولەکیدا هەردوو تیپ هەموو هەوڵیان گەیاندنی ئەو پارچە پلاستیکەی دەستیانە بۆ کۆتا گۆشەی گۆڕەپانەکە، ئاماندا وات خانمێکی ئەمریکییە و لەگەڵ هاوژینەکەی شەش ساڵە ئەو یارییەیان هێناوەتە کوردستان.
ئاماندا وات رێکخەری پاڵەوانێتیی ئۆڵتیمەت فریسبی لەبارەی ئامانجیان لە سازکردنی کێبرکێکە گوتی "ئێمە دەمانەوێت مێژوو تۆماربکەین و بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەموو کوردستان و عێراق هاتوون پێکەوە یاری دەکەن، بەڕاستی شتێکی جوان و ناوازەیە".
لەو کێبرکێیەدا سی و یەک خانمی شارەکانی کورستان لەگەڵ ژمارەیەک خانمی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا لە ریزی چوار تیپدا رکابەری یەکدیان کرد، دوایین یاری لەنێوان خانمانی موسڵ و خانمانی سلێمانی بوو، خانمانی موسڵ یارییەکە و نازناوی پاڵەوانێتییەکەیان بە ئەنجامی حەوت خاڵ بەرامبەر بە چوار خاڵ بردەوە.
سەراح کارنەر، کە خانمێکی ئەمریکییە و درێسی تیپی موسڵی پۆشیبوو روونیکردەوە "دهۆک تیپێکی بەهێزیان لە یاری ئۆڵتیمەت فرێسبی هەیە و خاوەن یاریزانی سەرنجراکێشن، ئەوان هەموو هەفتیەک پێکەوە یاری دەکەن و حەزدەکەم خانمانی کوردستان چالاک بن و وەرزش بکەن، بۆ ئەوەی هەر لە تەمەنی لاوی بمێننەوە و تەندروستییەکی باشیان هەبێت".
ئەم یارییە بۆ یەکەمجار لە 1968 لە ئەمریکا کراوە، ئێستا لە کوردستان 500 یاریزان لە تەمەنی جیاواز یارییەکە ئەنجامدەدەن و ساڵانە لیژنەی ئۆڵتیمەت فرێبسی لە کوردستان سێ پاڵەوانێتیی ساز دەکات.